بەغدا یادی ئەنفالكردنی كوردستان وەك دەستپێكی بانگەشەی ھەڵبژاردن دیار دەكات

كەسوكاری ئەنفالكراوان: حكوومەتی عێراق بێباكە بەرامبەر بەو تاوانەی بەرامبەر گەلەكەمان كراوە
kurdistan24.net

K24 - گەرمیان

دیارکردنی رۆژی 14/4 لە لایەن کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراقەوە، وەك دەستپێکی بانگەشەی ھەڵبژاردن، بۆ خولی داھاتووی پەرلەمانی عێراق نیگەرانی کەسوکاری ئەنفالکراوەکانی لێکەوتووەتەوە و داوادەکەن رۆژێکی دیکە بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن دەست نیشان بکرێت، چونکە رۆژی 14/4 رۆژی ماتەمینی قوربانیانی ئەنفالە.

رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى و داکۆکیکار لە کەیسی ئەنفالکراوەکان له‌ سنوورى گه‌رميان، نيگه‌رانن له‌ دياركردنى رۆژى 14/4 وه‌ك ده‌ستپێكى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنى پەرلەمانی عێراق و رایدەگەیەنن، دەبوو لەو رۆژەدا ماتەمینی بوایە نەك وەك رۆژی بانگەشەی ھەڵبژاردن دیاربكرێت. ھەروەھا دەخوازن كە زامی کەسوکاری ئەنفالکراوەکان نەکرێتە بابەتی بانگەشەی ھەڵبژاردن.

بەختیــار محەمەد، چالاکوانی کەیسی رێکخراوەکانی ئەنفال   بە كوردستان24 راگەیاند: "وەك رێكخراوەكانی مەدەنی لە گەرمیان، ئیدانەی ئەوە دەكەین، كە 14/4 رۆژی وەك دەستپێكی بانگەشەی ھەڵبژاردنەكانی عێراق دیاركراوە، ھەقە ئەو رۆژە رۆژی ماتەمینی بێت بۆ ئەنفالكراوانی گەرمیان، بەڵام حكوومەتی عێراق بێباكە بەرامبەر قوربانیانی ئەنفال، بۆیە ئەو رۆژەی وەك دەستپێكردنی بانگەشەی ھەڵبژاردن دیاركردووە، دەبوایە نوێنەرانی كورد لە بەغدا ھەڵوێستیان ھەبوایە لەسەر ئەو بابەتە".

ھەر پەیوەست بەو پرسە، رۆستەم حەســـەن، کەسوکاری ئەنفالكراوان دەڵێت: "لەو رۆژەدا تاوانێكی گەورە بەرامبەر گەلەكەمان ئەنجامدراوە، دەبوایە ئەو رۆژە وەك ماتەمینی لە سەرانسەری عێراق دیاركرابوایە، نەك دەستپێكردنی بانگەشەی ھەڵبژاردن، خۆم وەك تاقانەی ئەنفال ئەو رۆژە بە رۆژێكی كارەساتبار دەزانم، كەچی لەو رۆژە بانگەشەی ھەڵبژاردن دەست پێدەكات".

عه‌دنان محه‌مه‌د، یەكێكی دیكەیە لە کەسوکاری ئەنفالكراوانی گەرمیان ئەو گوتی: "رۆژی 14/4 ھەوڵی قڕكردنی كورد دراوە، بەڵام بەغدا بێباكانە لە بری ماتەمینی ئەو رۆژەی كردووە بە رۆژی دەستپێكردنی بانگەشەی ھەڵبژاردن".

رژێمی بەعسی عێراق، لە ساڵی 1988 بە ھەشت قۆناغی جیاواز دەستی بە شاڵاوی  ئەنفالکردنی گەلی کورد كرد. کە نزیکەی 182 ھەزار ھاووڵاتی کوردی بیتاوان لەو شاڵاوە بەدناوەدا بوونە قوربانی. زۆربەی ئەو کوردانیانەش لە رۆژی 14/4/1988 لە دەڤەری گەرمیــان بەرئەو شاڵاوە کەوتن، بۆیە ئەو رۆژە لای خەڵكی كوردستان و بەتایبەتی گەرمیانیەكان بە رۆژێكی كارەساتبار دادەنرێت.

ھ.م