ئه‌مریكا و به‌ریتانیا هه‌وڵی گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بۆ كەركووك ده‌ده‌ن

"وەزارەتی پێشمەرگە رەزامەندی دەربڕیووە"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

ئەمریكا و بەریتانیا ھەوڵی گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان دەدەن، بۆ ئەمەش لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە كۆبوونەتەوە و رەزامەندییان وەرگرتووە و لەھەوڵدان حكوومەتی عێراقیش بێننە سەر هێڵ تا ھەمان میكانیزمی ساڵانی بەر لە 2014 لەو ناوچانە جێبەجێبكرێتەوە. ئەمەش دوای ئەوەی گەیشتنە ئەو بڕوایەی بەبێ ھێزی پێشمەرگە سوپای عێراق ناتوانێت ئاسایشی ئەو ناوچانە بپارێزێت.

جەبار یاوەر، ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "بەھۆی ناسەقامگیری ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، ھاوپەیمانان ھەوڵدەدەن، جارێكی دیكە پرۆسەی پێش ساڵی 2014 لەو ناوچانە جێبەجێ بكرێت، ئەوەی پێی دەگوترا پرۆسەی كاری ھاوبەش لە ناوچەكانی كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، كە بنكەی ھەماھەنگی ھاوبەشمان ھەبوو، بۆ ئەمەش وەزیری پێشمەرگە ئامادەیی دەربڕیووە كە پرۆسەكە دەست پێبكاتەوە، تەنھا ئەوە ماوە كە لایەنی ھاوپەیمانان لەگەڵ حكوومەتی عێراق گفتوگۆ بكەن".

وەزارەتی پێشمەرگە رەزامەندی دەربڕیووە، دوای گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، كار بە میكانیزمی ساڵانی 2011 تا 2014 بكرێت، كە خۆی لە بەرێوەبردنی ھاوبەشی نێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقی دەبینێتەوە. جێگری سەرۆك ئەركانی ھێزەكانی پێشمەرگە باس لە نەخشەی میكانیزمەكە دەكات.

قارەمان كەمال، جێگری سەرۆك ئەركانی ھێزەكانی پێشمەرگە بە كوردستان24 راگەیاند: "پێش شەڕی داعش بنكەی ھەمانگی ھاوبەشمان لەگەڵ سوپای عێراق ھەبوو، لە پارێزگاكانی نەینەوا و دیالە و كەركووك، لە بنكەكانی ھەرسێ پارێزگا ئەفسەری پێشمەرگە و سوپای عێراق ھەبوو، ھەروەھا 22 بازگەی ھاوبەشمان ھەبوو".

لەسەر ئەو پرسە تائێستا ھیچ كۆبوونەوەیەك لەنێوان وەزارەتی و پێشمەرگە و سوپای عێراقی ئەنجام نەدراوە، ئەو ھەوڵەی كە ھەیە تەنیا لەنێوان ئەمریكییەكان و بەریتانییەكانە لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە، پەرلەمانتارێكی كوردیش لە بەغدا گومانی لەوە ھەیە حكوومەتی عێراق قایل بێت، بەم نزیكانە پێشمەرگە بگەڕێتەوە ئەو ناوچانەی بەر لە 16 ئۆكتۆبەر لە ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندا بوون.

ئەمیرە زەنگەنە، پەرلەمانتاری كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە كوردستان24 گوت: "بە بڕوای من ئێستا بەغدا لەگەڵ ئەوە نییە پێشمەرگە بگەڕێتەوە كەركووك و دەوروبەری، لەبەر ئەوەی نزیك بووینەتەوە لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ئەگەر كورد بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە ئەوان ئەوان ئەو سەنگەیان نامێنێ لەوێ، بەپێچەوانەوە ئەوان ئێستا لە ھەوڵی لاوازكردنی پێگەی كورددان لەو ناوچانە".

ھ.م