به‌هۆی بۆردومانه‌كانی توركیا ده‌روازه‌ی پێشابوور ـ سێمالكا داخرا

سوپای توركیا به‌ دووری كه‌متر له‌ كیلۆمه‌ترێك ده‌وروبه‌ری خاڵی سنووری پێشابوور ـ سێمالكای له‌ قه‌زای زاخۆ بۆردومانكرد

K24- هه‌ولێر:

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كوردستان 24، تۆپخانه‌كانی سوپای توركیا خاڵی سنووری پێشابوور ـ سێمالكایان له‌ نێوان باشوور و رۆژئاوای كوردستان به‌چڕی تۆپباران كرد.

چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ ده‌ڤه‌ری زاخۆ به‌ په‌یامنێری كوردستان 24 راگه‌یاند، هێزه‌كانی سوپای توركیا به‌ دووری كه‌متر له‌ كیلۆمه‌ترێك، ده‌وروبه‌ری خاڵی سنووری پێشابووریان له‌ سنووری قه‌زای زاخۆ بۆردومانكرد‌.

وه‌ك راشگه‌یه‌ندراوه‌، دوای بۆردومانكردنی ئه‌و ناوچه‌یه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی توركیاوه‌، ده‌روازه‌ی سنووری پێشابور - سێمالكا داخراوه‌.

په‌یامنێری كوردستان 24، له‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی و ناوخۆیی ناوچه‌كه‌ گواستییه‌وه‌، پێشتریش هێزه‌كانی سوپای توركیا به‌ربه‌سته‌كانی ئاسایشی رۆژئاوایان له‌ دیوی سێمالكا له‌ هه‌مان خاڵی سنووری له‌ نزیك گوندی خراب ره‌شك بۆردومانكردووه‌ و، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ 4 ئه‌ندامی ئاسایشی رۆژئاوا بریندار بوون.

ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه‌، هێزه‌كانی سوپا و فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی توركیا له ناوچه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستیان به‌ هێرش و بۆردومانه‌كانیان بۆ سه‌ر بنكه‌ و باره‌گاكانی په‌كه‌كه‌ كردووه‌ و، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی ده‌ڤه‌ری برادۆستی سه‌ر به‌ قه‌زای سۆران، 15 تا 20 كیلۆمه‌تر هاتوونه‌ته‌ ناو خاكی هه‌رێمی كوردستان.

H.B