"ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی له عێراقه"
K24- هه‌ولێر:
سوپای رووسیا دووپاتی ده‌كاته‌وه، ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی، سه‌ركرده‌ی رێكخراوی داعش له سووریا نییه، به‌ڵكو ئه‌و ئێستا له‌عێراقه.
ئیگۆر كۆستیۆكۆڤ، جێگری سه‌رۆكی به‌شی چاودێری سه‌ر به سه‌رۆكایه‌تی سوپا سالاری رووسیا جه‌ختی كرده‌وه، "هیچ گومانی تێدا نییه كه به‌غدادی له‌ناو خاكی عێراقه".
له‌كاتێكدا ئه‌و به‌رپرسه‌ی سوپای رووسیا له لێدوانێكدا كه ئاژانسی ئینته‌رفاكسی رووسی بڵاویكرده‌وه، گوتی: "به‌وردی شوێنی به‌غدادی نازانرێت، به‌ڵام دڵنیاین له‌وه‌ی كه له‌سووریا نییه، به‌ڵكو له‌عێراقه".
به‌ر له ساڵێك وه‌زاره‌تی به‌رگری رووسیا رایگه‌یاندبوو، "ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی، سه‌ركرده‌ی رێكخراوی داعش له هێرشێكی ئاسمانی رووسیا له نزیك شاری ره‌ققه كوژراوه، به‌ڵام دواتر هه‌واڵه‌كه ره‌تكرایه‌وه".
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه ریامیزارد ریچۆدۆ، ئه‌مڕۆ وه‌زیری به‌رگری فلیپین رایگه‌یاند: "گرووپێكی تیرۆریستی كه هاوسۆزن له‌گه‌ڵ داعش، پیلان بۆ راگه‌یاندنی خه‌لافه‌ت له رۆژهه‌ڵاتی ئاسیا داده‌ڕێژن.
ئه‌و وه‌زیره دووپاتیكرده‌وه: "ئامانجی ئه‌و گرووپه تیرۆریستییه ئه‌وه‌یه، وڵاتانی فلیپین، مالیزیا و ئیندۆنیسیا بكه‌نه ئامانجی كرده‌وه تیرۆریستییه‌كانیان".
به‌رپرسێكی مالیزییش روونیكردووه‌ته‌وه، باشووری رۆژهه‌ڵاتی ئاسیا و به‌شی رۆژهه‌ڵاتی فلیپین، بوونه‌ته خاڵی ده‌ستپێكردنی كرده‌كانی گرووپه تیرۆریستییه‌كه و چالاكییه‌كانیان له‌و ناوچانه‌دا ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، ئه‌و گرووپه تیرۆریستییه ده‌یه‌وێت له‌و وڵاتانه لقی خۆی درووست بكات و له‌ژێر سه‌ركردایه‌تی ئه‌بو به‌كر به‌غدادی كار بكات.
راپۆرته میدیاییه‌كان و چاودێرانی چالاكییه‌كانی ئه‌و گرووپه ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، رێكخراوی داعش ده‌یه‌وێت لانه‌یه‌كی نوێ له هه‌ندێك وڵاتی ئاسیا بدۆزێته‌وه، به‌تایبه‌ت وڵاتانی وه‌ك فلپین، به‌نگلادش، مالیزیا و ئیندۆنیسیا كه به‌ده‌ست گرووپه توندڕه‌وه‌كانه‌وه ده‌ناڵێنن. هه‌وره‌ها زیاتر له 30 رێكخراوی توندڕه‌و به‌م دواییانه رایانگه‌یاندووه سه‌ر به ریكخراوی داعشن و به‌یعه‌تیان به ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی داوه.
H.B