سه‌رۆك بارزانی سوپاسی هه‌ڵوێستی هاوسه‌نگی رووسیا ده‌كات

كۆمپانیاكانی رووسیا ئاماده‌ن له‌ بواری نه‌وت و وزه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ هه‌رێم فراوان بكه‌ن

K24 - هه‌ولێر:

سەرۆك بارزانی سوپاسی هەڵوێستی دۆستانە و هاوسەنگ و واقعبینانەی ڕووسیای فیدڕاڵ ده‌كات و باڵیۆزی رووسیا له‌ عێراق بایه‌خی وڵاته‌كه‌ی بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌خاته‌ روو.

له‌ میانی دیدارێكی نێوان سه‌رۆك بارزانی و باڵیۆزی رووسیای فیدراڵ له‌ عێراق كه‌ ئه‌مڕۆ سێشەممە 10/ 4/ 201 به‌ڕێوه‌چوو، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ر دوو لا و ره‌وشی سیاسی ناوچه‌كه‌ تاووتوێ كراوه‌و دوایین پێشهاتە سیاسییەكان و بابەتی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر خراوه‌ته‌ روو.

ماكسیم ماكسیمۆڤ باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق، سڵاوی تایبەتی وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی بە سەرۆك بارزانی گەیاند و وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان ڕووسیا و گەلی كوردستان گووتی: "هەرێمی كوردستان بۆ ڕووسیا بایەخێكی تایبەتی هەیە و وڵاتەكەی خوازیاری مامەڵەكردنە لە گەڵ هەرێمی كوردستان" .

هه‌روه‌ها هیوای خواست كە ئەو پەیوەندییانە گەشە پێ بدرێن و ئامادەیی كۆمپانیاكانی ڕووسیایشی بۆ فراوانتركردنی پەیوەندییەكان لە كەرتی نەوت و ئابووری لەگەڵ هەرێمی كوردستان خستەڕوو.

سەرۆك بارزانی سوپاسی هەڵوێستی دۆستانە و هاوسەنگ و واقعبینانەی ڕووسیای فیدڕاڵ كرد لەمەڕ بارودۆخی سیاسی و ئەو تەحەددیاتەی كە لە چەند مانگی ڕابردوو بۆ هەرێمی كوردستان هاتنە ئارا.

 ئەوەیشی خستەڕوو كە پێكەوەژیان و ئاشتیخوازی و نەبوونی حەساسیەتی ئایینی و مەزهەبی بەشێكی گرنگی فەرهەنگی گەلی كوردستان پێكدەهێنن

باڵیۆزی رووسیا له‌ عیراق، پێزانینی بۆ گەل و حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەبوو كە پارێزەری مافی مەسیحییەكان و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی ترە.

دیداری نێوان سه‌رۆك بارزانی و باڵیۆزی رووسیا له‌ عێراق و شاندی یاوه‌ری
دیداری نێوان سه‌رۆك بارزانی و باڵیۆزی رووسیا له‌ عێراق و شاندی یاوه‌ری