جه‌نگی راسته‌وخۆی زلهێزه‌كان ده‌ستپێده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
له كاتێكدا ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی كه‌وتوونه‌ته خۆ و خۆیان بۆ وه‌شاندنی گورزی سه‌ربازی له دژی سووریا ئاماده ده‌كه‌ن، ڤاسیلی نیپینزیا، نوێنه‌ری هه‌میشه‌یی رووسیا له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ده‌ڵێت: "وه‌شاندنی گورزی له‌و جۆره ده‌ره‌نجامێكی خراپی ده‌بێت، چونكه ئه‌مریكا له‌لایه‌ن سووریا و رووسیاوه به‌هه‌مانشێوه وه‌ڵام ده‌درێته‌وه".
هه‌ر چه‌نده سێرگی لاڤرۆڤ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیاش ورده‌كاری زۆری له‌باره‌ی ئاماده‌یی سوپای رووسیا بۆ به‌رگریكردن له دیمه‌شق نه‌دركاند، به‌ڵام زۆرێك له پێگه ئه‌لیكترۆنییه‌كانی رووسیا كه چالاكییه سه‌ربازییه‌كان رووماڵ ده‌كه‌ن، باسی چونی هێزه چه‌كداره‌كانی رووسیا بۆ ناو خاكی سووریا ده‌كه‌ن تا هاوشانی دیمه‌شق خۆیان بۆ جه‌نگه چاوه‌ڕوانكراوه‌كه ئاماده بكه‌ن. وه‌ك ئه‌وه‌ی رۆژنامه‌ی " Nizavisimaya "ـی رووسی ده‌یڵێت.
رووسیا چۆن وه‌ڵامی ھێرشی ئه‌مریكا ده‌داته‌وه؟
به‌یاننامه و لێدوانه فه‌رمییه‌كانی په‌یوه‌ست به‌و بابه‌ته كه‌من، به‌ڵام، یوری نیتكاچۆڤ، شاره‌زای سه‌ربازی و جه‌نه‌راڵی خانه‌نشینكراوی رووسی ده‌ڵێت: "رووسیا خۆی له ھێرشه‌كانی ئه‌مریكا نابوێرێت و ئه‌گه‌ری هه‌یه به مووشه‌كی كالیبر ھێرش بكاته‌وه سه‌ر بنكه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست" به‌ڵام رووداوه‌كان ته‌شه‌نه ناكه‌ن به‌تایبه‌تی كه ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی سه‌ر بۆ جه‌نگێكی گه‌وره ده‌كێشێت و مۆسكۆ و واشنتن ناتوانن خۆیانی لێ ده‌رباز بكه‌ن
له به‌رامبه‌ردا جه‌نه‌راڵی خانه‌نشینكراوی ئه‌مریكی "ویسلی كلارك" به كه‌ناڵی سی ئێن ئێنی ئه‌مریكی گوتووه: "پێده‌چێت ئه‌مریكا مووشه‌ك ئاراسته‌ی بنكه‌ی هێلیكۆپته‌ره‌كانی سووریا بكات، ئه‌وه‌ی كه بۆ ھێرشه كیمیاییه‌كه به‌كارهێنراوه له شاری دوومای غوته‌ی رۆژهه‌ڵات".
شاره‌زایانی ئه‌مریكاش داوا له دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا ده‌كه‌ن، گورزێكی كاریگه‌رتر له‌وه‌ی ساڵی رابردوو بسره‌وێنێته رژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د. نیكۆلاس گیراس، له سه‌نته‌ری ئاسایشی ئه‌مریكای نوێ له وتارێكدا كه له گۆڤاری فۆرن پۆڵه‌سی بڵاویكردووه‌ته‌وه ده‌ڵێت: "مووشه‌كبارانه‌كه‌ی ساڵی رابردووی ئه‌مریكا بۆ سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی شعیراتی سووریا ئامانجه‌كانی نه‌پێكا، چونكه دوای چه‌ند كاتژمێریكی كه‌م فڕۆكه‌كانی سوووریا ده‌ستیان به جووڵه و هه‌ستان و نیشتنه‌وه كرده‌وه".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "بۆ ئه‌وه‌ی زیانی گه‌وره و كاریگه‌ر له به‌شار ئه‌سه‌د بدرێت و مه‌به‌سته‌كانی تره‌مپ جێی خۆیان بگرن، له‌سه‌ر ئه‌مریكا پێویسته هێرشی زیاتر بكاته سه‌ر بنكه و ئامانجه‌كانی سووریا و توانا سه‌ربازییه‌كانی دیمه‌شق لاواز بكات".
عه‌قید ڤلادیمێر بوبۆڤ، شاره‌زای سه‌ربازی رووسیش هۆشداری ده‌دات و ده‌ڵێت: "ده‌بێت پێشبینی هه‌موو شتێك له ئه‌مریكییه‌كان بكه‌ین، به‌تایبه‌تی ئه‌وان دژی مانه‌وه‌ی ئه‌سه‌د و دژی رووسیا و ئێرانن".
ئایا تره‌مپ ده‌یه‌وێت كۆتایی به ئه‌سه‌د بهێنێت؟
بوبۆڤ ده‌ڵێت: "به‌دووری نازانین تره‌مپ بڕیار بۆ وێرانكردنی ئه‌سه‌د ده‌ربكات و مووشه‌ك ئاراسته‌ی شوێنی مانه‌وه‌ی بكات، پێویسته هێزی ئاسمانی رووسیا و سووریا چاودێری سه‌رجه‌م پێگه گرنگه‌كان بكه‌ن".
میدیاكانی وڵاتانی رۆژئاوایش زانیاری ئه‌وه‌یان خستووه‌ته روو، تیكشكێنه‌ری " USS Donald Cook"ـی ئه‌مریكا كه له كه‌ناراوه‌كانی سووریا له‌نگه‌ری گرتووه بۆ ئه‌وه‌ی گورزبسره‌وێنێته سووریا، به‌تایبه‌تی نیو میل له ناوه‌ندی لۆجیستی ده‌ریایی رووسیاوه دووره و 56 مووشه‌كی له جۆری "تۆماهۆك" هه‌ڵگرتووه كه له توانایدایه 1600 كیلۆمه‌تر ببڕێت.
میدیاكانی ئه‌مریكا ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، تێكشكێنه‌ری "ی‌و ئێس ئێس پۆرته‌ر" كه ساڵی رابردوو به‌شداری له هێرشه‌كه‌ی سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی شعیرات كردبوو، له چه‌ند رۆژی داهاتوودا خۆی ده‌گه‌یه‌نێته لای دۆناڵد كووك. هه‌روه‌ها هێزی ده‌ریایی ئه‌مریكا كه له ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاستن، له توانایاندایه كه‌شتی دیكه‌ش به مووشه‌كی تۆماهۆكه‌وه ئاماده بكه‌ن، جگه له ژێرئاوییه ئه‌تۆمییه‌كان كه ئه‌گه‌ری هه‌یه له هێرشی سه‌ر سووریا سوودیان لیوه‌ربگیرێت".
كه‌شتییه‌كانی ئه‌مریكا له‌ناو سێره‌ی مووشه‌كه‌كانی رووسیادان
به‌ڵام هێزی ده‌ریایی رووسیا به ده‌وری دۆناڵد كووكدا بازنه‌یان به‌ستووه‌و به‌گوێره‌ی قسه‌ی بوبۆڤ، ئه‌گه‌ر مووشه‌كه‌كانی ئه‌مریكا زیان به سه‌ربازه‌كانی رووسیا بگه‌یه‌نن، ئه‌وكاته فڕۆكه و مووشه‌كه‌كانی رووسیا هێرش ده‌كه‌نه كه‌شتییه جه‌نگییه‌كانی ئه‌مریكا. له‌وباره‌یه‌شه‌وه ڤالێری گیراسیموس، سوپاسالاری رووسیا له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی رۆژی 13/3/2018 ده‌رباره‌ی مه‌ترسی سه‌ر ژیانی سه‌ربازه‌كانیان گوتوویه‌تی: "هێزه‌كانی سوپای رووسیا نه‌خشه‌ی تۆڵه‌كردنه‌وه په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن و مووشه‌ك و كه‌شتی و سه‌كۆی هه‌ڵدانی مووشه‌كه‌كان ده‌كه‌نه ئامانج".