محه‌ممه‌دى حاجى مه‌حموود: بۆ ده‌نگدان عه‌ره‌ب هاورده‌ى كه‌ركووك ده‌كرێن

كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌ له‌ عێراقدا و ته‌نيا ليستێكى به‌شداربووى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن نييه‌
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، محه‌ممه‌دى حاجى مه‌حموود رايگه‌ياند، هه‌ر له‌ ئێستاوه‌، خه‌ڵكى عه‌ره‌بى ده‌ره‌وه‌ى كه‌ركووك ره‌وانه‌ى ناو شاره‌كه‌ ده‌كرێن، بۆ ئه‌وه‌ى له‌ كه‌ركووك ده‌نگ بده‌ن.

بڕیاره رۆژى (12ى ئايار/ مايۆى 2018)، پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى گشتيى له‌ عێراق به‌ڕێوه‌بچێت.

رۆژى يه‌كشه‌ممه‌ى هه‌فته‌ى داهاتوو (14ى نيسان/ ئه‌پريلى 2018) پرۆسه‌ى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن له‌ عێراق ده‌ستپێده‌كات.

له‌ ميانى به‌شداريكردنى له‌ به‌رنامه‌ى (باسى رۆژ)ى كوردستان24، محه‌ممه‌دى حاجی مه‌حموود سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، گووتیشی: "ده‌بێت دوای هه‌ڵبژاردن كورد رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا بكات، كه‌ كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌ له‌ عێراقدا و ته‌نيا ليستێكى به‌شداربووى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن نييه‌".

به‌ هۆى خيانه‌تى به‌شێك له‌ به‌رپرسانى يه‌كێتى له‌ (16ى ئۆكتۆبه‌رى 2017)دا ده‌يان هه‌زار هاووڵاتى كورد له‌ كه‌ركووك و خورماتوو ئاواره‌ بوون و سوپا و ميليشيا شيعه‌كان ده‌سه‌ڵاتى ئه‌منى و سه‌ربازى كه‌ركووكيان گرتووه‌ته‌ ده‌ست و ژماره‌يه‌ك حزب و لايه‌نى كورديى شاره‌كه‌يان به‌جێهێشتووه‌ و رێگه‌ نادرێت لايه‌نه‌ كوردييه‌كان كارى سياسى له‌ شاره‌كه‌ بكه‌ن و كه‌ركووك رووبه‌ڕووى شه‌پۆلێكى ته‌عريب و گۆڕينى ديموگرافيا و سڕينه‌وه‌ى مۆركى كورديى شاره‌كه‌ بووه‌ته‌وه‌.

ئ.ڕ