74 ساڵه ئه‌مریكا و سووریا ناسازێن
K24 - هه‌ولێر:
به درێژایی 74 ساڵی رابردوو، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و سووریا، له نێوان چه‌ند وێستگه‌یه‌كی كورتی نزیكبوونه‌وه‌و دابڕانی تا ئاستی دوژمنایه‌تی و دابڕان‌دا بووه.
په‌یوه‌ندی فه‌رمی نێوان واشنتن و دیمه‌ش ساڵی 1944 ده‌ستیپێكرد، ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ئه‌وكات به‌فه‌رمی سووریای وه‌ك وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ و خاوه‌ن سه‌روه‌ری ناساند و دوای چه‌ند مانگێك وڵاتانی دیكه‌ش په‌یوه‌ندییه دیپلۆماسییه‌كانیان له‌گه‌ڵ دیمه‌ش ده‌ستپێكرد.
به‌ڵام له مانگی شوباتی ساڵی 1958 كاتێك "كۆماری عه‌ره‌بی یه‌كگرتووه" راگه‌یێنرا، كه میسر و سووریای له خۆده‌گرت، ئه‌و په‌یوه‌ندییانه پچڕان و واشنتن ته‌نها باڵیۆزخانه‌ی خۆی له قاهیره هێشته‌وه.
به‌ڵام كه له مانگی سێپته‌مبه‌ری ساڵی 1961 سووریا رایگه‌یاند یه‌كگرتووییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ میسر هه‌ره‌سیهێناوه، ته‌نها دوای مانگێك په‌یوه‌ندییه دیپلۆماسییه‌كانی نێوان واشنتن و دیمه‌شق ده‌ستیپێكرده‌وه.
له ساڵی 1967 و له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی نێوان ئیسرائیل و ژماره‌یه‌ك وڵاتی عه‌ره‌بی، دیسان په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان سووریا و ئه‌مریكا پچڕایه‌وه.
دوای 7 ساڵی ته‌واو، جارێكی دیكه باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له دیمه‌شق كرایه‌وه‌و په‌یوه‌ندی نێوانیان ئاسایی بووه‌وه.
له مانگی ئابی ساڵی 1990، په‌یوه‌ندی نێوان سووریا و ئه‌مریكا زۆر باش چووه پێشه‌وه، كاتێك دیمه‌شق چووه پاڵ ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه نێوده‌وڵه‌تییه‌ی دژی رژێمی عێراق به‌هۆی داگیركردنی كوه‌یت پێكهات.
به‌ڵام له مانگی ئایاری ساڵی 2002، ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا رایگه‌یاند: "سووریا هاوشانی ئێران و كۆریای باكوور، یه‌كێكه له میحوه‌ره‌كانی شه‌ڕ و خاوه‌نی چه‌كی كۆمه‌ڵكوژه".
له مانگی شوبات تا نیسانی ساڵی 2005، گرژی نێوان واشنتن و دیمه‌شق زیادیكرد، پاش ئه‌وه‌ی ره‌فیق حه‌ریری سه‌رۆكوه‌زیرانی ئه‌وكاتی لوبنان، له به‌یروت تیرۆركرا و ئۆباڵی كوشتنی خرایه ئه‌ستۆی حزبوڵلا به پاڵپشتی رژێمی سووریا".
له مانگی ئایاری ساڵی 2010 واشنتن سزاكانی بۆ سه‌ر سووریا نوێكرده‌وه و رایگه‌یاند: "سووریا پاڵپشتی تیرۆریستان ده‌كات و خاوه‌نی چه‌كی كۆمه‌ڵكوژه و بڕیاره‌كانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان پێشێل ده‌كات و پاڵپشتی میلیشیاكانی حزبوڵڵای لوبنان ده‌كات و مووشه‌كی "سكۆد"ـی پێداوون".
له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی رووداوه‌كانی سووریا و هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕ كه به "شۆڕشی گه‌لانی سووریا" ناوده‌برێت و سه‌ریكێشا بۆ جه‌نگێكی هه‌مه‌لایه‌نه، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان واشنتن و وڵاتانی رۆژئاوا له‌گه‌ڵ دیمه‌شق به‌ره‌و خراپتر رۆیشت.
له مانگی ئایاری ساڵی 2011 ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و یه‌كێتی ئه‌وروپا سزاكانی سه‌ر سووریایان توندتر كرد، چونكه ناڕه‌زایه‌تی و نیگه‌رانییه‌كان له رژێمی ئه‌سه‌د گه‌یشتبوونه لوتكه. له مانگی ئابی ساڵی 2012، باراك ئۆباما سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مریكا هۆشدارییدا له‌باره‌ی به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی له‌لایه‌ن رژێمی ئه‌سه‌د و پێویستی ده‌ستوه‌ردانی ئه‌مریكا".
له‌سه‌ر هه‌مان رێباز، دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا له مانگی نیسانی ساڵی 2017 فه‌رمانی ده‌ركرد، هێرشی مووشه‌كی بكرێته سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی شعیرات له گونده‌واری حمس، چونكه رژێمی ئه‌سه‌د له‌و فڕۆكه‌خانه‌وه فڕۆكه‌ی ناردبووه ناوچه‌ی خان شێخون له پارێزگای ئیدلب و چه‌كی كیمیایی دژی خه‌ڵكی سڤیل به‌كارهێنابوو.
هه‌روه‌ها له مانگی ئه‌یلوولی ساڵی 2017، دۆناڵد تره‌مپ، سووریای خسته ریزی ئه‌و 7 ده‌وڵه‌ته‌ی هاووڵاتییه‌كانیان بۆیان نییه گه‌شت بۆ ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بكه‌ن.
هه‌مان كات وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكا رایگه‌یاند: "نزیكه‌ی 2 هه‌زار سه‌ربازی ئه‌مریكی له خاكی سووریادان و ئه‌و ژماره‌یه‌ش چوار به‌رامبه‌ری ئه‌و ژماره‌یه بوو كه ئه‌مریكا پێشتر رایگه‌یاندبوو.
له مانگی شوباتی رابردوویش، هێزه‌كانی ئه‌مریكا له سووریا رایگه‌یاند: "رێگه‌یان له هێرشێكی هێزه‌كانی سه‌ر به رژێمی سووریا له ناوچه‌كانی دێره‌زوور گرتووه‌و ئه‌وه‌ش ده‌گمه‌نترین رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی راسته‌وخۆی نێوان ئه‌و دوو وڵاته بووه له ماوه‌ی رابردوودا.
له‌م دواییانه‌شدا تره‌مپ رایگه‌یاند: "هێزه‌كانی ئه‌مریكا پاش سه‌ركه‌وتنیان به‌سه‌ر داعشدا له زووترین كاتدا سووریا جێده‌هێڵن".
به‌ڵام به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ شه‌ممه 14/4/2018 ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ فه‌ڕه‌نسا و بریتانیا هێرشیانكرده سه‌ر پێگه و دامه‌زراوه سه‌ربازییه‌كانی رژێمی سووریا و رژێمی به‌شار ئه‌سه‌دیان ئاگاداركرده‌وه، ئه‌گه‌ر ده‌ستبردنی بۆ چه‌كی قه‌ده‌غه‌كراو به‌رده‌وام بێت، گورزی دیكه‌یشی به‌دوادا دێت.