"شاره‌بان" بۆ چاره‌سه‌ر سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌ی كرد و ته‌رمه‌كه‌ی گه‌ڕێندرایه‌وه‌

كێ له‌و "هه‌ڵه‌ پزیشكییانه‌" به‌رپرسه‌ و كه‌سوكاری قوربانييان یه‌خه‌ی كێ بگرن؟
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

كوردستان24 وردەكاری زیاتر لەبارەی مردنی نەخۆشێك لە یەكێك لە نەخۆشخانە تایبەتییەكانی ھەولێر دەخاتە روو، خانەوادەكەی دەڵێن: "ئەو دەرزی و حەبانەی بە نەخۆشەكەیان دراوە، بووەتە ھۆكاری مردنی".

كه‌سوكاری "شاره‌بانی كۆچكردوو"، بەڵگەی ئەوە دەھێننەوە, دوای مردنی كچەكەیان پزیشكەكان خۆیان شاردووەتەوە و وەرەقەی چارەسەركردنیان لە فایلی نەخۆشەكە دەرھێناوە، دكتۆری تایبەت بە نەخۆشەكەش دەڵێت: "ئەوان لە كەس و كارەكەی خەفەتبارترن بە مردنی شارەبان و ئەوەی بۆیكراوە ھەمووی زانستییە و چاوەڕێی ئەنجامی كۆتایی راپۆرتی پزیشكی دادیيش دەكەن".

لە زاری ھاوسەر و كەس كارییەوە، گوێ لە چیرۆكی گیانلەدەستدانی شارەبان" دەگرین، دەمانەوێ دیوی پشتەوەی رووداوەكە وەكو خۆی بخەینەڕوو، رووداوەكە بە نەخۆشكەوتنێكی ئاسایی دەستپێدەكات و بە مردن كۆتایی دێت.

شارەبان تەمەنی 34 ساڵان بووە، نزیكەی 19 ساڵە ژیانی ھاوسەریی لەگەڵ یونس پێكھێناوە، 4 كوڕی لە دوای خۆی بەجێھێشتوون، كه‌ بچووكه‌كه‌یان ژیركردنەوەی گرانە.

هه‌رچی دایكی شارەبانه‌، رەتیدەكاتەوە كچەكەی ھیچ نەخۆشییه‌كی ھەبووبێت.

كەیسی مردنی شارەبان دەبەینەوە نێو ھەمان ئەو نەخۆشخانەیەی كە تۆمەتبارە بە گیانلەدەستدانی، دكتۆر دەشتی دزەیی دەدوێنین  كە ئەركی چارەسەركردنی نەخۆشی شارەبانی لە ئەستۆبوو، تا باس لە دۆخی نەخۆشەكە و ئەو دەرزییه‌ش بكات كە لە شارەبانیان داوە.

كەسوكاری شارەبان داوای یاساییان لەسەر خودی پزیشك و نەخۆشخانەكە تۆماركردووە، كەیسەكە لە پزیشكی دادییە و تا ئێستا یەكلا نەبووەتەوە، ئەوەی كە جێگای پرسیاریشە "شارەبان"ـە, كە تەنانەت دوای نزیكەی ھەفتەیەك لە مردنیشی ھێشتا نەخۆشیەكەی دیارینەكراوە.

 

ا. م