ئاڵا و درووشمی كوردستانی بوون لە كەركووك قەدەخە دەكرێت

كاندیدە كوردەكان شێوازی بانگەشەكانیان دەگۆڕن
kurdistan24.net

K24 - كەركووك

سەرباری ئەوەی کە ساڵیادی ئەنفال بوو، بەڵام لە کەرکووك ھێز و لایەنە سیاسییەکان، دەستیان بە بانگەشەی ھەڵبژاردن کرد، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە لەھەڵبژردنی پێشووتردا زۆرترین دەنگی کەرکووکییەكانی بەدەستھێنا. لەم ھەڵبژاردنە نایشارنەوە کە ترسی کەمبونەوەی دەنگەکانیان ھەیە، بەڵام دەڵێن "ھەر بە ژمارە یەکی کەرکووك دەمێنینەوە".

لە بانگەشەی ھەڵبژاردنی ئەمجارەی عێراق ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کاندیدە کوردەکان قەدەخەکراوە، تەنانەت کاندیدەکان بۆیان نیە لە پۆستەرەکانیانشدا ئاڵای کوردستان بنەخشێنن و باس لە کوردستانی بوونی کەرکووك بکەن.

کاندیدەکان ماددەی 140ی دەستووریان کردووەتە کەرەستەی دەستیان، بۆیە بەڵێنی ئەوە بە خەڵکی دەدەن چارەنووسی کەرکووك لە رێگەی ئەو ماددەیەوە یەکلای بکەنەوە لەپەرلەمانی عێراق.

 حەسیبە عەبدوڵڵا، کاندیدی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە كوردستان24 گوت: "خەباتی ئەمجارەمان گۆڕاوە بۆ شێوازێكی دیكە، ئەتوانم بڵێم لەم قۆناخە كورد لە كەركووك شكستی ھێناوە، بەڵام ھەموو شكستێك ھەڵسانەوەی باشی لەدواوەیە، ئێستا دەبێ  جەخت لەسەر جێبەجێكردنی ماددەی 140 ی دەستووری عێراقی بكەینەوە، كە پێشتر فەرامۆشیان كردبوو، قوربانی زۆرماندا بۆ سنوور و شەڕی داعش، دەبوایە بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140 ئەو قورمانیەمان بدایە، بۆ ئەوەی چارەنووسی كەركووك و كوردستانی بوونی شارەكە یەكلایی كرابایەوە".

لەیەکەم ساتی دەستپێکردنی بانگەشەکەدا ژمارەیەک چالاکوانی کورد بەیانامەیەکی حەوت خاڵیان خستە پێش لایەنە کوردییەکان و حکوومەتی عێراق و دەڵێن، ئەگەر داواکانمان جێ بەجێ نەکرێت، داوا ی بایکۆتی ھەڵبژاردنەکان دەکەن.

ئەدھەم جومعە، چالاکوانی مەدەنی دەڵێت: "كۆمەڵێك داواكاریمان ھەیە، ئەگەر جێبەجێی نەكەن، بە دڵنیایەوە داوا لە ھەموو خەڵكی شاری كەركووك دەكەین بایكۆتی ھەڵبژاردنەكە بكات، یەكێك لە خاڵەكان ھەڵوەشاندنەوە ئەو بڕیارەیە كە دەسەڵاتی ئێستای كەركووك بۆ رووخاندنی خانووی كوردەكان دەریكردون بەناوی زێدەڕۆیی، ھەروەھا ئاشكراكردنی داھاتی نەوتی كەركووك و سوودمەندبوونی دانیشتوانی شارەكە لێی".

ھاووڵاتیانی كەركووك دابەشی دوو بۆچوون بوونە، بەشێکیان دەیانەوێت بەشداری ھەڵبژاردنەکان بکەن و بەشێکی دیکەش پێیان وایە ھەڵبژاردن ھیچ لە واقیعی کورد ناگۆڕێت لە شارەکە.

کورد لە کەرکووك، بە حەوت لیست و ھاوپەیمانی بەشداریان لەھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کردووەو 12 کورسی پەرلەمانی عێراقیش بۆ شارەکە دانراوە.

ھ.م