"سعوودیه تێچووی مووشه‌كبارانكردنی سووریا ده‌داته ئه‌مریكا"
K24 - هه‌ولێر:
عه‌لی لاریجانی، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی ئێران ده‌ڵێت: "پێشبڕكێی رژێمی سعوودیه بۆ پێشكه‌شكردنی پاره‌ی گه‌له‌كه‌ی به ئه‌مریكا، واشنتنی هانداوه بۆردوومانی سووریا بكات".
لاریجانی له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجوومه‌نی شورای ئیسلامی ئێران "په‌رله‌مان" ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه گوتوویه‌تی: "سعوودیه به‌په‌له‌یه پاره‌ی گه‌له‌كه‌ی بداته ئه‌مریكا و ئه‌ویش سووریا بۆردوومان بكات، به وه‌همی ئه‌وه‌ی هاوكێشه‌كان ده‌گۆڕن و سه‌رله‌نوێ مۆڵگه‌ی تیرۆریسته‌كان ده‌ژێننه‌وه".
لاریجانی له قسه‌كانیدا چه‌ند پرسیارێكی وروژاندووه‌و گوتوویه‌تی: "ئایا ئه‌و هه‌ڵوێسته شه‌رمه‌زارانه نییه ئه‌وانه هاوشانی سه‌ركرده‌كانی كوفر و زایۆنیزم وه‌ستاوون و خۆشحاڵی خۆیان به خیانه‌ته‌كه‌یان ده‌رده‌بڕن؟".
سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی شوورای ئیسلامی ئێران "په‌رله‌مان" ده‌ڵێت: "ئه‌ی ده‌بێت هۆكاری ئه‌و رێكاره نایاساییه‌ی ئه‌و سێ ده‌وڵه‌ته چی بێت كه گه‌وره‌یان كردووه‌و ده‌ڵێن سووریا له چه‌ند رۆژی رابردوودا چه‌كی كیمیایی به‌كارهێناوه، به‌ڵام ته‌نها هۆكار ئه‌وه‌یه هێزه‌كانی حكومه‌تی سووریا توانیوویانه تیرۆریسته‌كان له ده‌وروبه‌ری دیمه‌شق راماڵن".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "سووریا و رووسیا ئه‌و درۆیانه‌یان ره‌تكردووه‌ته‌وه‌و داوایانكردووه كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی لێكۆڵینه‌وه بكات"، چونكه بیانووی چه‌كی كیمیایی قایلكه‌ر نییه و پێویسته له شوێنێكی دیكه به‌دوای هۆكاری سه‌ره‌كیدا بگه‌ڕێین كه په‌یوه‌سته به پێشڤه‌چوونه راسته‌قینه‌كانی ئه‌م دواییانه‌ی سووریا".
رۆژی شه‌ممه 14/4/2018 ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و فه‌ڕه‌نسا و بریتانیا زیاتر له 100 مووشه‌كیان ئاراسته‌ی ژماره‌یه‌ك بنكه و دامه‌زراوی سه‌ربازی و تایبه‌ت به په‌ره‌پێدانی چه‌كی كیمیاییان له دیمه‌شق و گونده‌واری حمس كرد و به چڕی بۆردوومانیان كرد، پاش ئه‌وه‌ی ئه‌و وڵاتانه رژێمی سووریایان به به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی له شارۆچكه‌ی دووما له ناوچه‌ی غوته‌ی رۆژهه‌ڵات تاوانبار كرد.
سێ گورزوه‌شێنه‌كه ده‌ڵێن، له‌و هێرشه‌دا سه‌رجه‌م ئامانجه‌كانمان پێكاوه، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدارانی سووریا و رووسیا ده‌ڵێن، زیاتر له 70 مووشه‌ك به‌هۆی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ھێزی ئاسمانی سووریا ئاراسته‌كانیان گۆڕاوه‌و نه‌یانتوانیوه ئامانجه‌كانیان بپێكن"