گورزێكی نوێی سه‌ربازی له‌دژی ئێران و سووریا.. ئه‌مجاره‌یان له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه
K24- هه‌ولێر:
دوو وه‌زیری ئیسرائیلی هۆشداری ده‌ده‌ن، ته‌ل ئه‌ڤیڤ به‌رده‌وامی به كرده سه‌ربازییه‌كانی له دژی ئێران له‌ناو خاكی سووریا ده‌دات، ئه‌مه‌ش دوای ته‌نیا تێپه‌ڕبوونی هه‌فته‌یه‌ك به‌سه‌ر بۆردومانكردنی فڕۆكه‌خانه‌ی "تی فیۆڕ"ی سه‌ر به پارێزگای حه‌مس له ناوه‌ڕاستی سووریا.
جه‌لعاد ئه‌ردان، وه‌زیری ئه‌منی ناوخۆیی و ئه‌ندامی حكوومه‌تی بچووككراوه‌ی ئه‌منی به رادیۆی سوپای ئیسرائیلی راگه‌یاند: "ئێمه له كرده سه‌ربازییه‌كانمان له دژی بوونی سه‌ربازی ئێرانی له‌ناو خاكی سووریا به‌رده‌وام ده‌بین، كه بووه‌ته هۆی هه‌ره‌شه له‌سه‌ر ئاسایشی ئیسرائیل".
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، نه‌فتالی بینیت، وه‌زیری خوێندنی باڵای ئه‌و وڵاته و، هاوكات كه ئه‌ویش ئه‌ندامی حكوومه‌تی بچووككراوه‌ی ئه‌منی ئیسرائیله، دووپاتیكرده‌وه: "ته‌ل ئه‌ڤیڤ ئازادی ته‌واوی له جووڵه‌ی سه‌ربازیدا هه‌یه" و گوتی: "هه‌رگیز رێگه به ئێران ناده‌ین له‌ناو خاكی سووریا جێگیر بێت و ناكرێت سنووری باكووری وڵاته‌كه‌شمان ببێته رێڕه‌وێكی كراوه به‌ڕووی به‌شار ئه‌سه‌د و رژێمی سووریادا".
به‌ره‌به‌یانی دووشه‌ممه‌ی رابردووش، هێزه ئاسمانییه‌كانی ئیسرائیل فڕۆكه‌خانه‌ی تیفۆڕیان له سنووری پارێزگای حه‌مس له ناوه‌ڕاستی سووریا كرده ئامانج، به‌و هۆیه‌شه‌وه ژماره‌یه‌ك سه‌رباز كوژران و بریندار بوون، كه به‌شێكیان پاسدار و میلیشیای ئێرانی بوون.
H.B