"تره‌مپ درۆزنه و له رووی ئه‌خلاقییه‌وه بۆ سه‌رۆكایه‌تی ده‌ستنادات"
K24 - هه‌ولێر:
به‌ڕێوه‌به‌ری پێشووی نووسینگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی فیدراڵی ئه‌مریكا "جیمس كۆمی" پێیوایه دۆناڵد تره‌مپ له رووی ئه‌خلاقییه‌وه گونجاو نییه بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بێت".
جیمس كۆمی كه پێشتر تره‌مپ له كاره‌كه‌ی دووریخسته‌وه، له دیدارێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی "ABC" ئه‌مریكی گوتوویه‌تی: "پێموانییه له رووی ته‌ندرووستیی و پزیشكییه‌وه گونجاو نه‌بێت، به‌ڵام له رووی ئه‌خلاقییه‌وه كه‌سێكی شایسته نییه تا ئه‌و پۆسته وه‌ربگرێت".
به‌ڕێوه‌به‌ری پێشووی نووسینگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی فیدراڵی ئه‌مریكا، تره‌مپ به "درۆزن" ناوده‌بات و ده‌ڵێت: "به به‌رده‌وامی راستییه‌كان ژێر پێ ده‌خات، بۆ نموونه گووتی، ژماره‌یه‌كی زۆرتری خه‌ڵك له رێوڕه‌سمی سوێندخواردنم وه‌ك سه‌رۆك ئاماده‌بوون و زیاتر بوون له‌و خه‌ڵكه‌ی بۆ ئۆباما هاتبوون، ئه‌وه‌ش به‌هیچ شێوه‌یه‌ك راست نه‌بوو".
كه‌ناڵه ئه‌مریكییه‌كه لێی پرسیووه، پێتوایه تره‌مپ درۆزن بێت؟ له وه‌ڵامدا گوتوویه‌تی: "به‌ڵێ، ئه‌و درۆزنه".
دیداری كه‌ناڵه ئه‌مریكییه‌كه پێش بڵاوكردنه‌وه‌ی یاداشته‌كانی جیمس كۆمییه كه بڕیاره رۆژی 17/4/2018 له ژێر ناونیشانی " A Higher Loyalty: Truth, Lies, and Leadership" بڵاوبكرێته‌وه‌و باسی ماوه‌ی كاركردنی له‌گه‌ڵ تره‌مپ ده‌كات.
دۆناڵد تره‌مپیش، به‌ڕێوه‌به‌ری پێشووی نووسینگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی فیدراڵی ئه‌مریكای به شێواندنی راستییه‌كان و خراپترین به‌ڕێوه‌به‌ری FBI له مێژوودا وه‌سفكرد و ره‌تیكرده‌وه كه داوای له جیمس كۆمی كردبێت ببێته شوێنكه‌وتووی ئه‌و، چونكه كۆمی له كتێبه‌كه‌یدا ئاماژه به‌وه ده‌كات كه تره‌مپ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌مریكا پشت به له خۆبایبوونی و كه‌سانێك ده‌به‌ستێت كه شوێن ئه‌و بكه‌ون.
به‌ڵام تره‌مپ ده‌ڵێت، ئه‌وه یه‌كێكه له درۆ زۆره‌كانی و یاداشته‌كانی ساخته‌ن و ته‌نها خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندییه كه‌سێكانی كومی ده‌كات".