له‌ مۆندیالی 2018 قه‌یرانێكی گه‌وره‌ یه‌خه‌ی فیفای گرتووه‌

فیفا رێگه‌ی زۆری تاقی كردۆته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی رێگه‌ له‌و قه‌یرانه‌ بگرێت، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌

نزیکەی دوو مانگ ماوە مۆندیالی ٢٠١٨ لە رووسیا دەستپێبکات، قەیرانی بەرزبوونەوەی نرخی بلیتی یارییەکان یەخەی فیفای گرتووە و لە بازاڕی رەش نرخی بلیتی یارییەکان ٤٠ ئەوەندە بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە ١٦ هەزار دۆلار، لە کاتێکدا ئەو بلیتە لە ماڵپەڕی فەرمی فیفا بە ٤٣٠ دۆلار فرۆشراوە و فیفاش بڕیاری داوە ئەو بلیتانە قەدەخە بکات کە لە بازاڕی رەش سەودایان پێدەکرێت.

خەریکی فرۆشتنی بلیتی یارییەکانی مۆندیالی ٢٠١٨ لە بازاڕی رەش دەبێتە قەیرانێکی گەورە و دوو مانگ پێش ئەوەی مۆندیالی رووسیا دەستپێبکات، قەیرانی بەرزبوونەوەی بلیتی یارییەکانی مۆندیال کێشەیەکی گەورەی بۆ فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان دروستکردووە.

لەگەڵ دەستپێکردنی فرۆشتنی بلیتی یارییەکانی مۆندیال، لە بازاڕی رەش دەست بە فرۆشتنی بلیتەکانی مۆندیالی رووسیا کراوە، گەرچی فیفا رێگای زۆری تاقیکردووەتەوە بۆ ئەوەی رێگا لە فڕۆشتنی بلیتی یارییەکان لە بازاڕی رەش بگرێت، بەڵام خەریکە بۆ مۆندیالی ئەمجارە فیفا تووشی کێشە دەبێت، کە دوو مانگ ماوە دەستپێبکات.

نرخی بلیتەکانی مۆندیالی رووسیا لە رێگای هەندێک ماڵپەڕەوە ٤٠ ئەوەندەی نرخی ئاسایی بەرزبووەتەوە، گەرچی فیفا هۆشداریی داوەتە هاندەران ئەو بلیتانەی لە رێگای ئەم جۆرە ماڵپەڕانەوە قەدەخەکراون، بەڵام کڕین و فرۆشتنی بلیتەکان لە رێگای ئەم ماڵپەڕانە بەردەوامە و نرخی هەر بلیتێک گەیشتووەتە هەزاران دۆلار.

بۆ نموونە نرخی بلیتی یاریی نێوان ئینگڵاند و توونس لە بازاڕی رەش گەیشتووەتە ١٦ هەزار دۆلار، لە کاتێکدا نرخی بلیتی ئەم یارییە لە ماڵپەڕی فیفا بە ٤٣٠ دۆلار دەفرۆشرێت.

نزیکەی دوو ملیۆن کەس داوای بلیتی ٦٤ یارییەکەی مۆندیالی ٢٠١٨ی کردووە و فیفا وەکو قۆناخی یەکەم دەستی بە فرۆشتنی بلیتی بەشێک لە یارییەکانی قۆناخی یەکەمی کردووە و بەڵێنیشی داوە بە رێکاری یاسایی تووند دژی کڕین و فڕۆشتنی بلیتەکانی مۆندیالی ٢٠١٨ لە رێگای بازاڕی رەشەوە بکات.