نەتەوە یەكگرتووەكان: گه‌رەنتی ھەڵبژاردنێكی پاك لە دەست ئێمەدا نییە

"پێویستە یەکێتی ئەوروپا لە نزیکەوە چاودێری هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکات"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

یان کۆبیش، نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لێدوانێکدا تایبەت بە کوردستان24 رایگەیاند، ئەوان ناتوانن گرەنتی هەڵبژاردنێکی پاك لە کەرکووك یاخود هیچ ناوچەیەکی عێراق بدەن، بەڵكو ئەوە لایەنەکانن کە دەبێ پابەندی رێنماییەكان بن.

هاوکات نوێنەری یەکێتی ئەورووپا لە هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە نزیکەوە چاودێری پرۆسەکە دەکەن چونکە چارەنووسسازە بۆ داهاتووی پەیوەندی هەولێر و بەغدا.

نەتەوە یەکگرتووەکان لیست و قەوارە سیاسییە بەشدارەکانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیان لە هەولێری پایتەخت کۆکردەوە، دەیانەوێ ژینگەیەکی لەبار بۆ هەڵبژاردنێکی ئازاد و پاك بڕەخسێنن، کورد ئەمجارە ناوچە جێناکۆکەکانی لەدەستداوە و داوای گرەنتی لە بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەكانی ئەو ناوچانە دەکات، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوە دەخاتەروو، گرەنتی لای ئەوان نییە.

یان کۆبیش، نێردەی تایبەتی سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بە كوردستان24 گوت: "گرەنتی بۆ هەڵبژاردنێکی پاك لە دەستی نەتەوە یەکگرتووەکان نییە، بەڵکو لەدەست کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان و ئەو پارتە سیاسیانەیە کە بەشدارن، ئەوان خۆیان پێویستە پابەندی بنەماکانی کێبڕکێیەکی ئارام بن، ئێمە وەك نەتەوە یەکگرتووەکان چەند چاودێرێك دەنێرین تا لە نزیکەوە چاودێری دۆخی هەڵبژاردنەکان بکەن، بەڵام ئەو چاودێرانە سەر بە لایەنە نێودەوڵەتییەکانن نەك سەر بە یوئێن".

بە پێچەوانەشەوە هەندێك لە لایەنە نێودەوڵەتییەکان پێیان وایە، كە پێویستە چاودێری هەڵبژاردنەکان بکەن، چونکە وەك ئەوان دەڵێن، هەڵبژاردنەکە داهاتووی نێوان هەولێر و بەغدا دیاریدەکات.

کلاریس پاستۆری، نوێنەری یه‌كێتی ئه‌وروپا لە هەرێمی کوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "پێویستە هەڵبژاردنەکان بە شێوەیەکی پاك و ئازاد بەڕێوە بچن، یەکێتی ئەورووپا لە نزیکەوە چاودێری دۆخی هەڵبژاردنەکان دەکات، پێویستە هەڵبژاردنەکان دۆخی گونجاویان بۆ دروست بکرێت چونکە ئەمە گرینگە بۆ چارەنووسی پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا".

ئەو دیدارە كە رۆژی 18/4/2018، لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان لە ھەولێر بە مەبەستی واژووكردنی "په‌یمانی شه‌ره‌فی هه‌ڵبژاردن" له‌ نێوان پارته‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا رێكخرابوو. بەشێك لە قەوارە بەشدارەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، كە ئامادە نەبوون بەشداری لە واژووكردنی پەیماننامەی شەرەفدا بکەن، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان هێشتا دەرگاکەی بە کراوەیی هێشتووەتەوە، وەك لە پەیماننامەکەدا هاتووە لایەنەکان دەتوانن بۆ لەمەودواش بێنە پاڵی و بەڵێنی هەڵبژاردنێك بدەن کە دوای ئەنجامدانی بتوانن لەگەڵ یەکدیدا کۆببنەوە.

ھ.م