منداڵێكی دیكه‌ی ئێزدی ژێر ده‌ستی داعش رزگاركرا
K24 - هه‌ولێر:
نووسینگه‌ی كاروباری رزگاركردنی ئێزدییه رفێندراوه‌كانی ژێر ده‌ستی داعش، رزگاركردنی منداڵێكی ئێزدی له ژێر ده‌ستی رێكخراوه‌كه راگه‌یاند.
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی نووسینگه‌كه له دهۆك، كچه‌كه ناوی (ف. ب) و ته‌مه‌نی 13 ساڵه، خه‌ڵكی گوندی "وه‌ردیه"ی باشووری چیای شنگاله.
حوسێن قائیدی، به‌رپرسی نووسینگه‌كه رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌سه‌ر سنووری نێوان عێراق – ئێران، پێشوازییان له‌و كچه ئێزدییه كردووه، كه له 3ی ئابی 2014 له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه له شنگال رفێندرا.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا، ئاماژه به ورده‌كاری رزگاركردنی ئه‌و كچه 13 ساڵییه نه‌كراوه، به‌ڵام دووپاتی ده‌كاته‌وه، هه‌وڵه‌كانییان بۆ ئازادكردنی ته‌واوی ئێزدییه رفێندراوه‌كان به‌رده‌وام ده‌بێت.
چه‌كدارانی رێكخراوی داعش، دوای ئه‌وه‌ی شاری مووسڵییان به بێ هیچ به‌رگرییه‌ك له‌ژێر ده‌ستی سوپای عێراق ده‌رهێنا، رۆژی 3ی ئابی 2014، په‌لاماری شنگالییان دا و شارۆچكه‌كه‌یان داگیركرد و كوردانی ئێزدییان جینۆساید كرد و ژماره‌یه‌كی زۆریشیان له هاووڵاتییانی نیشته‌جێی شارۆچكه‌كه رفاند.
ا. م