فره‌ لیستی زیان له‌ كورد ده‌دات

ژمارەیەك حزبی كوردستانی لە نەینەوا لیستیان نییە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

لایەنە سیاسییەكان بەھۆی ناكۆكی ناوخۆیی نەیان توانیووە بەیەك لیست لە سنووری پارێزگای نەینەوا بەشداری ھەڵبژاردنەكان بكەن، یەكگرتوو لە پارێزگای نەینەوا ھیچ لیستێكی نییە، چونكە وەك خۆیان دەڵێن، دەیانویست تەواوی لایەنە كوردستانییەكان بە یەك لیست بەشداری ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بكەن،  لە كاتێكدا ھەر یەك لە كۆمەڵ و گۆڕان و ھاوپەیمانی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان لیستێكیان پێكھێناوە بە ناوی نیشتمان.

دۆخی پارێزگای نەینەوای دوای داعش کاری کردووەتە سەر پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی داھاتووی پەرلەمانی عێراق، بەشێك لە حزبە کوردستانییەکان لەو ناوچانە لیستی سەربەخۆی هەڵبژاردنیان هەیە، هەندێکیشیان هاوپەیمانیان پێکهێناوە، ژمارەیەك حزبیش لەو ناوچانە لیستی هەڵبژاردنیان نییە، یەکێك لەوانە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانە.

عەلی گردەسۆری، ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی بە كوردستان24 راگەیاند: "وەك یەكگرتوو پێمان باش بوو، لە مووسڵ و ھەموو ناوچە ناكۆكەكانی دیكە، حزبە كوردستانییەكان یەك لیست بەشداریان لە ھەڵبژاردن بكردایە، بۆ ئەم مەبەستە پێشنیارمان كرد و ھەنگاوی باشمان نا، بەڵام ئەوە سەری نەگرت، لەبەر ئەوە بە باشمان نەزانی بە تەنیا لیستمان ھەبێت".

هەریەکە لە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەکێتی نیشتمانی كوردستان، لە پارێزگای نەینەوا  بە لیستی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردن دەکەن، بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی و هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەریش بەیەك لیست، کە ناوی نیشتمانە لەناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکەن. حزبی شیوعیش لیستی نییە، بەڵام کاندیدی لەنێو هاوپەیمانیەتیەکدا هەیە.

هەندرێن محەممەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی دەڵێت: "یاساكە لە خزمەتی ھێزە گەورەكاندایە، بۆیە ھێزە بچووكەكان ناچارن بیر لە رێگەی دیكە بكەنەوە، ئێمەش لە سنووری پارێزگای نەینەوا لەگەڵ ھاوپەیمانیەتیەك بەشداریمان لە ھەڵبژاردن كردووە".

ھ.م