عه‌بادی وه‌زاره‌تێك هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه
K24- هه‌ولێر:
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له حكوومه‌تی عێراق ئاشكرایكرد، به‌گوێره‌ی فه‌رمانێكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، وه‌زاره‌تی زانست و ته‌كنه‌لۆژیای عێراق هه‌ڵده‌وه‌شێنرێته‌وه و ته‌نیا له‌چوارچێوه‌ی ده‌سته‌یه‌كی بچووكراوه‌دا ده‌مێنێته‌وه، ده‌خرێته سه‌ر وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه كه ئاماژه به ناوی نه‌كراوه، به شه‌فه‌ق نیوزی راگه‌یاندووه، "به‌گوێره‌ی ئه‌و فه‌رمانه‌ی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، فه‌رمانبه‌رانی ئه‌و وه‌زاره‌ته بۆ هه‌ریه‌ك له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی خانه‌نشین، باج و گومرگ ده‌گوازرێنه‌وه".
وه‌ك جه‌ختیشی كردۆته‌وه، به‌ر له كۆتاییهاتنی ته‌مه‌نی كابینه‌ی ئێستای حكوومه‌ت، فه‌رمانه‌كه ده‌كه‌وێته بواری جێبه‌جێ كردنه‌وه.
له مانگی ئابی ساڵی 2015، حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بڕیاریدا، دووباره په‌یكه‌ری چه‌ند وه‌زاره‌تێك دابڕێژێته‌وه و چه‌ند وه‌زاره‌تێكیش تێكه‌ڵ بكات، له‌وانه‌ش وه‌زاره‌تی زانست و ته‌كنه‌لۆژیا له‌گه‌ڵ خوێندنی باڵا، وه‌زاره‌تی ژینگه له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی، وه‌زاره‌تی شاره‌وانی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه، وه‌زاره‌تی گه‌شت و گوزار و شوێنه‌وار له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی رۆشنبیری تێكه‌ڵ بكاته‌وه.
H.B