"ھەندێك لایەن لەگەڵ پڕۆژەی چاكسازی نین"

ئەگەر كۆدەنگی نەبێت پەسندكردنی دەخرێتە دوای ھەڵبژاردن
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر     

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، دەربارەی پرۆژەی چاكسازی رایدەگەیەنێت، پەسەندكردنی پرۆژەی چاكسازی دەبێتە یەكێك لە پرۆژە گرنگ و پێویستەییەكانە بۆ حكوومەت و خەڵكی كوردستان، ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، تائێستا كۆندەنگی لەسەر پڕۆژەكە نییە.

جەعفەر ئیمێنكی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "دوای ئەوەی كە پڕۆژەی یاسای چاكسازی لە پەرلەمان پەسندكرا، ھەڵمەتێكی ناشیرین دژی پەرلەمان دەستپێكرا، ئەوەش وایكرد بڕیارەكە ھەڵبوەشێندرێتەوە، دوای ئەوە دوو كۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ ئەم مەبەستە رێكخرا ویستمان كۆدەنگی فراكسیۆنەكانی لەسەربێت، بەڵام ھەموو لایەن لەگەڵی نەبوون و ئێمەش نەمانویست ئەزموونی رابردوو دووبارە بكەینەوە، بۆ ئەوەی ھەندێك لایەن خۆیان و پەرلەمانیش ناشیرین نەكەن".

ئیمێنكی، گوتیشی: "لە پەرلەمان رێككەوتووین ئەگەر كۆدەنگی ھەبێت بە زووترین كات پرۆژەكە پەسەند دەكرێت، ئەگەرنا دەخرێتە دوای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق".

لە 28/2/2018 په‌رله‌مانی كوردستان، یاسای چاكسازی و خانه‌نشینی لە پەرلەمانی كوردستان په‌سه‌ندكرد، به‌ڵام دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی، نیگه‌رانی و ناڕه‌زایی لێكه‌وته‌وه‌و چه‌ند لایه‌نێكی سیاسیش ئەو بابەتەیان وەك كاڵا بۆ ریكلام و بانگه‌شه‌ی سیاسی بەكاردەھێنا. بۆ لە رۆژی 4/3/2018 پاش ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك فراكسیۆنی ناو په‌رله‌مانی كوردستان، یاداشتێكیان ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان كرد، دواتر هه‌ر یه‌كه‌ له‌ جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایانگه‌یاند: "به‌هۆی ئه‌وه‌ی سه‌رنج و نیگه‌رانی له‌سه‌ر چه‌ند بڕگه‌ و مادده‌یه‌كی یاساكه‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ بڕیارمانداوه‌ یاساكه‌ ره‌تكه‌ینه‌وه‌و جارێكی دیكه‌ له‌ناو هۆڵی په‌رله‌مانی كوردستان پێداچوونه‌وه‌ی بۆ بكه‌ین".

ھ.م