حەشدی شەعبی لە كەركووك یەكێتی تەنگەتاو دەكات

"گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركووك نزیك بووەتەوە"

K24 - كەركووك

بانگەشەی حزبە کوردستانییەکان لە کەرکووك بەهۆی زاڵبوونی دەسەڵاتی سەربازییەوە سستە و کاندیدەکان ناتوانن بە ئازادی بانگەشە بکەن،  بەو هۆیەشەوە لە دوای 16 ئۆکتۆبەرەوە، بەشێك لە سکرتێری حزبەکان نەیانتوانیووە سەردانی کەرکووك بکەن، سەرۆکی لیستی یەکێتیش لە كەركووك رایدەگەیەنێت، ئەو رەوشە بۆ حکوومەتی عێراق ناچێتە سەر و گەڕانەوەی پێشمەرگەش نزیكبووەتەوە.

رێبوار تەها، سەرۆکی لیستی یەکێتی بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق بە كوردستان24 راگەیاند: "ئەم خۆسەپاندنە عەسكەرتاریەی لە كەركووك ھەیە، كە حكوومەتی عێراق تاكڕەوانە حوكمی شارەكە دەكات، ئەگەر بەغدا واتێبگات كە ھەر تەنھا خۆی حووكمی تاكڕەوانە دەكات ئەوە ھەڵەیە، دەبێ پێشمەرگە لە ناوچەكە ھەبێت، چونكە پێشمەرگە لەلایەك متمانەی خەڵكی بە دەستھێناوە، لەلایەكی دیكە ئەزموونی باشی ھەیە لە شەڕی داعش لە چەند ساڵی رابردوودا".

گوتیشی: "گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركووك نزیكبووەتەوە، بەڵام بەھۆی ھەڵبژاردن دواخراوە، ئەو ھێزەی ئێستا لە كەركووك بە ھێزێكی بێگانەی دەزانین، چونكە ئەو ھێزە ھێزێكی تایفیشە لە یەك نەتەوە و یەك مەزھەبە و چەند پێشێلكاریەكی ئەو ھێزەمان تۆماركردووە و ئەو دۆخە بەمشێوەیەی ئێستا ناچێتەسەر".

حووكمی سەربازی لە كەركووك راستەوخۆ كاریگەری لەسەر بانگەشەی لیستە كوردییەكان دروستكردووە، بەشێك لە سكرتێر و سەركردەی حزبەكان لە دوای 16 ئۆكتۆبەرەوە نەیانتوانیووە سەردانی كەركووك بكەن

رەسووڵ رەئوف، سەرۆکی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بۆ پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "كەسێكی وەك كاكە حەمەی حاجی مەحموود، كە سەركردە و رەمزێكی كوردە، ھیچ كاتێك ئامادە نییە لە ژێر ئاڵای عێراق و بێ دەسەڵات، لەبەر ئەوە نە لە 16 ئۆكتۆبەرەوە نە سەردانی كەركووكی كردووە و نە لەم قۆناخەش سەردانی كەركووك دەكات، ھەتا بەسەربەرزانە نەبێت و بە شكۆی جارانی پێشمەرگە نەبێت".

پێشتریش مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە راگەیاندراوێكدا نیگەرانی خۆیان لەبارەی رێگریكردنی حكوومەتی عێراق لە كردنەوەی بارەگای حزبە كوردستان دەربڕی، لەوبارەشەوە مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە كوردستان24 راگەیاندووە: "كاندیدەكانمان ناتوانن بە ئازادی قسە بكات و بەرپرسەكانمان ناتوانن بە ئازادی بچنە كەركووك و ناوچەكانی دیكەی ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی عێراق".

ھ.م