به‌وێنه‌.. شاندێكی حكوومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌رپرسه‌ باڵاكانی كۆنگرێس و ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا كۆبوونه‌وه‌

له‌ كۆبوونه‌وه‌كاندا گفتوگۆی چڕ و پڕ له‌باره‌ی دۆخی هه‌رێم و عێراق و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كرا

K24- هه‌ولێر:

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ له‌ په‌یجی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك بڵاویكرده‌وه‌، به‌یان سامی عه‌بدولڕه‌حمان، نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ واشنتۆن رایگه‌یاند: شاندێکى باڵاى حکومەتى هەرێم لەگەڵ بەرپرسانى کۆنگرێس و ئیدارەى وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا کۆبوونەوە.

وه‌ك له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌: "شاندی باڵاى حکومەتى هەرێم، کە لە دکتۆر فوئاد حسێن، سەرۆکى دیوانى سەرۆکایەتى هەرێم و فەلاح مستەفا، بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە حکومەت و بەیاوەرى بەیان، سامى عه‌بدولڕه‌حمان، نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا پێكهاتووه‌؛ لەگەڵ بەرپرسان لە کۆنگرێس و ئیدارەى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا کۆبوونەوە".

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، "لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ مایکڵ بێل، یاریدەدەرى تایبەتى سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بۆ کاروبارى ئاسایشى نیشتمانى، شاندى هه‌رێم گفتوگۆ له‌باره‌ی دۆخى سیاسى و ته‌حه‌دییه‌ هه‌نووكه‌ییه‌كانی ئێستای هەرێمى کوردستان و عێراق و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست كرا".

دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانى ئیدارەى وویلایەتە یەکگرتووەکان:

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا باسی ئه‌وه‌شكراوه‌، "شاندی باڵای حکومەت لە ماوەى سەردانەکەدا، لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسى باڵاى وەزارەتى دەرەوەى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا کۆبووەوە. لەو دیداره‌كاندا تیشکیان خستەسەر پەیوەندیەکانى نێوان هەولێر و بەغدا، هەڵبژاردنى چاوەڕوانکراوى پەرلەمانى عێراق، شەڕى دژى تیرۆریستانى داعش، قەیرانى ئابوورى و پشتیوانى کردنى پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیەکان و چەند لایەن و بابەتێکى دیکەش گفتوگۆیان لەبارەوە کرا".

وه‌ك راشگه‌یه‌ندراوه‌، شاندی هه‌رێم لەگەڵ زنجیره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ی دیكه‌ی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی ئه‌و وڵاته‌ ئه‌نجامدا، له‌وانه‌ش "برێت مەکگۆرگ، نێردەى تایبەتى سەرۆکى ئەمریکا بۆ هاوپەیمانى شەڕى دژى داعش، ئەندریو پیک، یاردەدەرى جێگرى وەزیرى دەرەوە بۆ کاروبارى عیراق و ئێران، سام براونباک، باڵیۆزى ڕاسپێردراو بۆ ئازادى ئایینى نێودەوڵەتى لە نووسینگەى ئازادى ئاینى نێودەوڵەتى، کارۆلین ثۆمپسۆن، یاریدەدەرى جێگرى وەزیرى دەرەوە بۆ کاروبارى هاووڵاتى و پەنابه‌ر و ئاوارەکان، باڵیۆز مایکڵ کۆزاک، ڕاوێژکارى پێشکەوتووی نووسینگەى دیموکراسى و مافەکانى مرۆڤ و کرێکاران، باڵیۆز تینا کایداناو، یاریدەدەرى جێگرى وەزیرى دەرەوە بۆ کاروبارى نووسینگەى سیاسى و سەربازى، جۆناثان کۆهین، جێگرى وەزیرى دەرەوە بۆ کاروبارى ئەوروپا و ئۆراسیا، ئیثان گۆڵدریچ، یاردەدەرى جێگرى وەزیرى دەرەوە بە وەکالەت بۆ کاروبارى سوریا، پیتەر شیا، بەڕێوەبەرى کاروبارى عێراق".

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، "هەر لە چوارچێوەى سەردانەکەدا، بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت و نوێنەرى حکومەتى هەریم لە ئەمریکا لەگەڵ ڕۆبێرت کاریم، یاردەدەرى وەزیرى بەرگرى بۆ کاروبارى ئاسایشى نیشتمانى کۆبوونەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا شاندەکە سوپاسى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکایان کرد، بۆ ئەو هاوکاریانەى پیشکەشى هێزى پێشمەرگەى کوردستانیان کردووە؛ لەڕووى مەشق و راهێنانى سەربازى و دابینکردنى بەشێک لە پێداویستیە سەربازیەکان، کە لە مانگى تەممووزى ساڵى ٢٠١٦وە تا ئێستا له‌سه‌ر ئه‌و هاوكارییانه‌ به‌رده‌وامن".

دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ سیناتۆر و کۆنگریسمانەکانى وویلایەتە یەکگرتووەکان:

نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێم له‌ واشنتۆن جه‌ختی كرده‌وه‌، "شاندەکە لەگەڵ ئەندامانى کۆنگرێس لە هەردوو پارتى کۆمارى و دیموکراتەکان کۆبووەوە. هاوکات بەشدارییان لە گفتوگۆیەکى کراوەدا كرد، کە لەلایەن راڵف ئەبراهام، هاوسەرۆکى کۆمەڵەى دۆستایەتى کوردستان-ئەمریکا لە کۆنگرێسى ئەمریکا رێكخرابوو".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، "لە میانەى سەردانەکەدا شاندی باڵای حکومەت چەند کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ سیناتۆر و کۆنگریسمانانى ئەو ووڵاتە ئەنجامدا، کە بریتیبوون لە کۆنگرێسمان ویڵ هارد، سیناتۆر بۆب مەنێندز، کۆنگرێسمان ڕۆن دیسانتیس و جێف درێسلەر ڕاویژکارى ئاسایشى نیشتمانى و پاوڵ رایان، سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەرانى ویلایەتە یەکگرتووەکان. هاوکات شاندەکە چەند دانیشتن و گفتوگۆیەکى لەگەڵ هەریەک لە ئەندامانى لیژنەى پەیوەندیەکانى دەرەوەى سینات و لیژنەى خزمەتگوزارى سەربازى لە ئەنجومەنى نوێنەران و لیژنەى خزمەتگوزارى سەربازى لە سێنات ئه‌نجامدا".

کۆبوونەوە لەگەڵ USAID و USIP و دامەزراوە هزریەکان:

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا باسی ئه‌وه‌ش كراوه‌: "شاندەکە لە بارەگاى سەرەکى USAID لە لایەن ماریا لۆنگى یاریدەرى پێشکەوتووى جێگرى بەرێوەبەرى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست پێشوازیان لێ کرا. لەو دیدارەدا گفتوگۆ له‌باره‌ی هاوکارییە مرۆییەکانى ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى قەیرانى مرۆیی لە عێراق كرا".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوی نوێنه‌ری حكوومه‌تدا هاتووه‌، "لەمیانەى ئەم سەردانەدا دامەزراوەى هزرى ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ ئاشتى نێودەوڵەتى USIP کە لە لایەن کۆنگرێسى ئەو ولاتەوە پشتیوانى دارایی دەکرێت؛ بۆ خستنەگەڕى هەولەکانى بونیادنانى ئاشتى لە عێراق و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، گفتوگۆیەکى کراوەى بۆ شاندە باڵاکەى حکومەتى هەرێم ڕێکخست، کە دیپلۆماتکاران و بەرپرسانى ئیدارەى ئەمریکا تێیدا بەشداربوون. هەروەها لە گفتوگۆیەکى کراوەى دیکەشدا هەریەک لە سەرۆکى دیوانى سەرۆکایەتى هەرێم و بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت و نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە ئەمریکا پوختەیەکیان سه‌باره‌ت به‌ دوایین دۆخى هەرێمى کوردستان و عێراق و ناوچەکە پێشکەش بە ئەندامانى دامەزراوە هزریەکان کرد، كە بەجیا لە دامەزراوەکانى ئەنجومەنى ئەتڵەنتیک و دامەزراوەى واشینگتۆن بۆ سیاسەتى ڕۆژهەڵاتى نزیک بەڕێوەچوو".

دیدار لەگەڵ باڵیۆزى عێراق لە ئەمریکا:

وه‌ك ئاماژه‌ی پێكراوه‌، "لە دیدارێكدا لە گه‌ڵ فەرید یاسین، باڵیۆزى عێراق لەو ووڵاتە گفتوگۆ له‌باره‌ی گرنگى بەشدارى هاوولاتیانى نێشتەجێ لە دەرەوە لە پرۆسەى هەلبژاردن و دەنگداندا بۆ پەرلەمانى عێراق كرا".

بەشدارى لە کۆڕبەندى ساڵانەى سیدۆ:

هه‌روه‌ها باس له‌وه‌ش كراوه‌، "هەریەک لە دکتۆر فوئاد حسێن و فەلاح مستەفا بەشداریان لە کۆڕبەندى سیدۆنا لە ویلایەتى ئەریزۆنا كرد، كه‌ کۆڕبەندێکى باڵاى ساڵانەیە و لە لایەن ئەنستیۆتى مەکین ئەنجام دەدرێت و سەرکردە نیشتمانى و نێودەوڵەتیەکان بەشدارى تێدا دەکەن. لە کۆڕبەندى ئەمساڵیشدا، هەریەک لە جەیمس ماتیس، وەزیرى بەرگرى ئەمریکا و مایک پۆمپیۆ بەرپرسى پێشووی CIA و سیناتۆرەکانى ویلایەتە یەکگرتووەکان شیلدۆن وایتهاوس، دان سولیڤان، ئامى کڵۆباکەر، بێن ساسێ، هەیدى هەیتکامپ، جێف فلەیک، لیندسى گراهام و ژمارەیەکى زۆر لە سەرکردەکانى ووڵاتانى جیهان تێیدا بەشدارن".

H.B