قه‌ته‌ڕ ملیارێك دۆلاری داوه‌ته ملیشیا ئێرانییه‌كان و سوله‌یمانییش پشكی خۆی هه‌بووه
K24 - هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی "واشنتن پۆست"ی ئه‌مه‌ریكی ناوه‌ڕۆكی نامه‌كانی قه‌ته‌ڕی بڵاوكردووه‌ته‌وه و كه تێیدا باس له پێدانی ملیارێك دۆلار ده‌كات به ملیشیا ئێرانییه‌كان له عێراق و سووریا و لوبنان.
به گوێره‌ی رۆژنامه‌كه، باڵیۆزی قه‌ته‌ڕ له به‌غدا، ره‌خنه‌ی له ناوه‌ڕۆكی ئه‌و جۆره رێككه‌وتنانه گرتووه و به تاڵانكردنی وڵاته‌كه‌ی وه‌سفكردووه.
باڵیۆزی قه‌ته‌ڕ له به‌غدا دووپاتیشی كردووه‌ته‌وه، سوورییه‌كان و حزبوڵڵای لوبنانی و عێراقی، داوای پاره‌یان له قه‌ته‌ڕ كردووه.
رۆژنامه‌ی واشنتن پۆست، ئه‌وه‌شی بڵاوكردووه‌ته‌وه، "پێده‌چێت قه‌ته‌ڕ 275 ملیۆن دۆلاری بۆ ئازادكردنی (بارمته‌كان) دابێته سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵڵای عێراق، گوایه نێوه‌ندگیریان كردووه".
رۆژنامه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه، "پاره‌كانی قه‌ته‌ڕ به‌سه‌ر ئێرانییه‌كان، هه‌ردوو حكوومه‌تی عێراق و توركیا و ميليشياكانى حزبوڵڵای عێراق و به‌ره‌ی نوسره دابه‌شكراوه"، به گوێره‌ی رۆژنامه‌كه، به‌های ئه‌و رێككه‌وتنانه‌ی ئازادكردنی بارمته قه‌ته‌ڕییه‌كان، گه‌یشتووه‌ته یه‌ك ملیار دۆلار.
ناوه‌ڕۆكی ئه‌و نامانه ده‌ریده‌خه‌ن، قه‌ته‌ڕ چه‌ند جارێك پاره‌ی داوه، هه‌ر جارێكیش بڕه‌كه‌ی له نێوان 5 ملیۆن بۆ 50 ملیۆن دۆلار بووه، بۆ به‌رپرسانی ئێرانی و عێراقی، 25 ملیۆن دۆلاریشی داوه‌ته سه‌رۆكی میلیشیای حزبوڵڵای عێراق.
رۆژنامه‌كه باس له‌وه‌ش ده‌كات، قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی ئێرانی، 50 ملیۆن دۆلاری له یه‌كێك له رێككه‌وتنه‌كان وه‌رگرتووه و رۆڵێكی سه‌ره‌كیشی له ئازادكردنی بارمته قه‌ته‌ڕییه‌كان هه‌بووه.
له راپۆرته‌كه‌دا ئه‌وه‌ش ئاشكرا كراوه شوێنی راده‌ستكردنی بڕی پاره‌كانی قه‌ته‌ڕ به گروپه چه‌كداره شیعه‌كان له شاری سلێمانی ئه‌نجامدراوه.
ا. م