"زلـله‌ی كورد بە ئه‌ردۆغان ده‌كه‌وێت"

بوڵدان چەند كێشەیەك بیر ئەردۆغان دەخاتەوە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

پەروین بوڵدان، ھاوسەرۆكی پارتی دیموكراسی گەلان (ھەدەپە) له‌گوتارێكدا له‌شاری وانی باكووری كوردستان وه‌ڵامی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا دایه‌وه‌ و رایگەیاند: "ئەگەر كێشەت لەگەڵ خەڵكی كورد نییە، بۆ ھێرشت كردە سەر عەفرین و دەسكەوتی كوردت لەناوبرد؟".

گوتیشی: "ئەردۆغان دەڵێ، لە ئەنجامی ھەڵبژاردندا زلـلەی دیموكراسی سەردەكەوێ، بەڵام ئێمە ھەر زلـلەی كوردی لێدەدەین".

پەروین بوڵدان گوتی: "گوتتان ھیچ كێشەیەكمان لەگەڵ خەڵكی كورددا نییە، باشە ئەگەر كێشەتان لەگەڵ خەڵكی كورد دا نیە بۆ چونە عەفرین؟، بۆ لەعەفرین ھێرشتان كردە سەر دەسكەوتی كوردان؟، ئەگەر كێشەتان لەگەڵ خەڵكی كورددا نییە بۆ ئەو قەیومانەتان لێرە دانان و دەسكەوتی كوردانتان سڕینەوە؟ بۆ ناوی شوێنە كوردییەكانتان لەسەر شوێنەكان ھەڵگرتن؟ ئەگەر كێشەتان لەگەڵ خەڵكی كورددا نییە بۆ ئەمڕۆ سەڵاحەدین دەمیرتاش، فیگەن یوكسەكداخ و ئیدریس بالوكە لە زینداندان؟ لەوانەیە ئێوە كێشەتان لەگەڵ خەڵكی كورددا نەبێ. بەڵام خەڵكی كورد كێشەی لەگەڵ ئێوەدا ھەیە. بەڵێ كاك تەیب لەتەلەفزیۆن گوتت لەھەڵبژاردندا زەلـلەی دیموكراسی سەردەكەوێ. خۆی ئێمە زەلـلەی كوردتان لێدەدەین، گومانت نەبێ".

ھ.م