"له بنكه‌یه‌كی ئه‌مریكا و بریتانیاوه پێگه‌كانی سوریا بۆردوومان كراوه"
K24 - هه‌ولێر
چالاكوانانی سووریا ده‌ڵێن، به‌هۆی بۆردوومانی بنكه سه‌ربازییه‌كانی گونده‌واری حه‌ما و حه‌له‌ب، 40 كه‌س كه زۆرینه‌یان ئێرانی بوون كوژراوون و 60 كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون. رۆژنامه‌یه‌كی سووریش سه‌رچاوه‌ی ئاراسته‌كردنی مووشه‌كه‌كان ئاشكرا ده‌كات.
رۆژنامه‌ی تشرینی فه‌رمی حكومه‌تی سووریا له زاری سه‌رچاوه مه‌یدانییه‌كانه‌وه ده‌ڵێت: "ھێرشی سه‌ر پێگه‌كانی پارێزگاكانی حه‌ما و حه‌له‌ب له بنكه‌ی سه‌ربازی ئه‌مریكی و بریتانییه‌كان له باكووری شانشینی ئوردنه‌وه ئه‌نجامدراوه".
رۆژنامه‌كه له‌سه‌ر په‌یجی فه‌رمی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك بڵاویكردووه‌ته‌وه كه له ھێرشه‌كه‌دا 9 مووشه‌كی بالیستی به‌كارهێنراوه.
ده‌رباره‌ی ھێرشه‌كه ئیسرائیل ره‌تیكردووه‌ته‌وه قسه‌ی له‌سه‌ر بكات و ئه‌مریكاش ره‌تیكردووه‌ته‌وه كه ئه‌وان به‌و كاره هه‌ستابن.
شه‌وی رابردوو چەند پێگەیەکی سەربازی لە دەوروبەری شارەکانی حەما و حەلەب لە سووریا بە مووشەك بۆردوومان کران و بەهۆیانەوە دەیان چەکدار و سەربازی ئێرانی و سووری کوژراون.
تەلەفزیۆنی فەرمی سووریا رایگەیاند: "شەوی رابردوو چەند پێگەیەکی سەربازی لە دەوروبەری شارەکانی حەما و حەلەب بە مووشەکی دووژمن بۆردوومان کراون" بێ ئەوەی ئاماژە بەو وڵات و لایەنە بکات کە ئەو شوێنانەی بۆردوومانکردووە.
لەوبارەوە روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشكرای كرد: "بۆردوومانەکە ناوچەی بارەگای لیوای 48 لە دەوروبەری حەما گرتووەوە، کە چەکدارانی سەر بە ئێران هاوشانی هێزەکانی سووریا لەو دوو ناوچەیە جێگیر کراون".
ھەر بە گوێرەی روانگەی سووری: "26 چەكداری میلیشیای ھاوپەیمانەكانی رژێمی سووریا كوژراون، ھەروەھا ژمارەیەك چەكداری ئێران كوژران".
پێشتر لە 14/4/2018 ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و فه‌ڕه‌نسا و بریتانیا زیاتر له 100 مووشه‌كیان ئاراسته‌ی ژماره‌یه‌ك بنكه و دامه‌زراوی سه‌ربازی و تایبه‌ت به په‌ره‌پێدانی چه‌كی كیمیایی له دیمه‌شق و حمس كرد و به چڕی بۆردوومانیان كرد، ئەمەش لەبەرامبەر بەكارھێنانی چەكی كیمیایی لەلایەن رژێمی سووریا له شارۆچكه‌ی دووما له ناوچه‌ی غوته‌ی رۆژهه‌ڵاتی دیمەشق.