شەڕە كورسی نێوان یەكێتی و گۆڕان كۆتایی نایێت
K24 - سلێمانی
به‌گوێره‌ی رێككه‌وتنی سیاسیی یه‌كێتی و گۆڕان واده‌ی دیاریکراو بۆ پارێزگاری سلێمانی کۆتایی هاتووه، که پارێزگاری ئێستا له پشکی گۆڕانه، به‌پێی رێكکه‌وتنه‌كه‌ی نێوانیان، به‌مه‌ش یه‌كێتی چاوی بڕیووه‌ته وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆستی پارێزگار، بەڵام بزووتنەوەى گۆڕان ئامادە نییە جارێکی دیكە دەستبەردارى ئه‌و پۆسته بێت، وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێـت، هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر له پۆسته‌كه‌ی ده‌مێنێته‌وه.
30 نیسان، چوار ساڵ بەسەر هەڵبژادنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق تێپەڕ دەبێت، بەپێى رێككەوتنامەى سیاسى نێوان یەکێتى نیشتیمانی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان کە بەر لە 4ساڵ لەنێوان هەردوولا واژووکراوه، بە رێكکەوتنى دووساڵ به دووساڵ پۆستی پارێزگارى سلێمانى و هەڵەبجە لە نێوانیان ئاڵوگۆڕ دەكرێ.
بەشێك لە ئەندامانى ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى لە هه‌ردوو فراکسیۆنى یەکێتى و گۆڕان بۆچوونى جیاوازیان لەسەر دووبارە وەرگرتنەوەى پۆستى پارێزگارهه‌یه له‌لایه‌ن یەکێتیەوە، بەشێكیان پێیانوایە ده‌بێ بۆ ئاڵوگۆڕكردنه‌وه‌ی پۆستی هه‌ردوو پارێزگای سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه رێككه‌وتنێكی دیكە بكه‌ن. وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش رایده‌گه‌یه‌نێت، بێ گوێدانه رێككه‌وتنی نێوان یه‌كێتی و گۆڕان، هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر له پۆستی پارێزگاری سلێمانی ده‌مێنێته‌وه.
سامى جه‌لال، بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "ئەو رێككەوتنەی لەنێوان ئەو دوو حزبە كراوە، پەیوەندی بە حكوومەتەوە نییە و ھیچ گۆڕانكارییەك لەو پۆستە ناكرێت، ئێمە مامەڵە لەگەڵ ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەكەین، كە دكتۆر ھەڤاڵ ئەبوبەكر، وەك پافرێزگاری سلێمانی ھەڵبژاردووە، لە وەزارەتی ناوخۆ رێكارە یاساییەكانی بۆ ئەنجامدراوە و سوێندی خواردووە، لە فەرمانی دەست نیشانكردنی وەك پارێزگاری سلێمانی ھیچ وادەیەك دیارنەكراوە كە تا ماوەی چەند لە پۆستەكە دەمێنێتەوە".
به‌گوێره‌ی دوایین ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به جیاوازی كورسییه‌ك پێش یه‌كێتی كه‌وتووە، به‌ڵام به‌پێی رێككه‌وتنێكی سیاسیی نێوانیان قایل بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پۆستی هه‌ردوو پارێزگاری سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه بۆ دوو ساڵ به دوو ساڵ له نێوانیاندا ئاڵوگۆڕ بكه‌ن، هه‌ردوو حزبه‌كه جیا له‌وه‌ی له‌سه‌ر ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگاره‌كان زۆرترین كێشه‌یان له نێوانه، بزووتنەوە گۆڕان چەندین جار یه‌كێتی تۆمه‌تبار كردووه به‌وه‌ی به‌پێی ئیستیحقاقی هه‌ڵبژاردن قۆرخی ده‌سه‌ڵاتی كردووه و به‌شێك له پۆسته ئیدارییه‌كانی به گۆڕان نه‌داوه.
ھ.م