دەمیرتاش: لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا شکستی مێژوویی روودەدات

گوتارێك لە زیندانەوە بڵاودەكاتەوە

K24 - ھەولێر

سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) رایدەگەیەنێت، لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی تورکیادا رەنگە شکستێکی مێژوویی گەورە رووبدات.

دەمیرتاش، لە گوتارێکیدا کە لە زیندانەوە نووسیویەتی و میدیاکانی نزیك لە پەکەکە بڵاویانکردووەتەوە، تێیدا ئاماژەی بەوەکردووە: "دوای دەیان ساڵ رەنگە لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی تورکیا شکستێکی مێژوویی رووبدات،  یان تورکیا بە سەرۆکایەتی ئاکپارتی بەرەو دیکتاتۆرییەت دەچێت، یاخو دیموکراسیەت لە وڵات سەردەکەوێت و بەهێز دەبێتەوە".

سەڵاحەدین دەمیرتاش، رەخنەشی لە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا گرتووە و دەڵێ: "پێویستە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتیەك گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەنەکان بکرێت و رێز لە بیروراکیان بگیرێت".

ئەمە لە كاتێكدایە بڕیاربوو 30/4/2018 جارێكی دیكە دانیشتن بۆ دادگاییكردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش، ھاوسەرۆكی پێشووی ھەدەپە بەڕێوەبچێت، بەڵام پرۆسەی دادگاییکردنی بۆ 8ی مانگی حوزەیران داهاتوو دواخرا و داواكاری گشتی توركیاش داوای پێنج ساڵ زیندانیکردن بۆ دەمیرتاشی كردووە. ھاوكات پەرلەمانتارانی ھەدەپە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند: "پرۆسەی دادگاییكردنی دەمیرتاش شانۆگەرییە".

ھ.م