بەڕێوبەری پێشووی راگەیاندنی کۆشکی سپی: كورد به‌رده‌وام پشتیوانی ئه‌مریكا بووە

با کورد لە ئەمریکا بێ هیوا نەبێت
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

بەڕێوبەری پێشووی راگەیاندنی کۆشکی سپی داوا دەکات، "کورد لە ئەمریکا بێ هیوا نەبێت، چونکە لە مێژوودا بەردەوام پشتیوانی ئەمریکا بووە".

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ (کوردستان ٢٤)، (ئەنتۆنی سکاراموچی) گوتى: "زانیارییەکی باشم هەیە سەبارەت بە مێژووی پاڵپشتیی کورد بۆ ئەمریکا بۆیە کورد دەبێ بزانێت، کە ئەمریکا دەنگی کورد دەبیستێت".

گوتيشى: "کاتێک کورد لە ئەمریکا ئەم پشتیوانییە گەورەییەی هەیە دەبێت هیوای بە بەدیهاتنی ئامانجە سیاسییەکانی هەبێت".

هه‌روه‌ها گوتى: "من لە ئاڵۆزی بارودۆخى ناوچەکە و هەڕەشەکان تێدەگەم، بەڵام لە ئەمریکا زۆر خەڵک هەن کە دەنگی کورد دەبیستن و پشتیوانیان لێ دەکەن".

روونيشيكرده‌وه‌،  "ئێستا سەرۆک سەرقاڵی بابەتی کۆریای باکوورە و لە هەفتەکانی داهاتوو کار لەسەر ئێران دەکات. پێشنیار دەکەم کە بە هەمان تین و وزو و خۆبەختکردنەوە تەماشای پرسی کورد بکەن بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی بێ وێنە  کە مافی کورد مسۆگەر بکات و لەبەرژەوەندیی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی ناوچەکەدا بێت".

ئ.ر