داعش لە سلێمان بەگ ھێرشی كردە سەر حەشدی شەعبی

لە دوو گوند شەڕی سەخت روویداوە

K24 - گەرمیان

شەوی رابردوو چەكدارانی داعش لە نێوان شارۆچكەكانی سلێمان بەگ و جەبارە ھێرشیان كردووەتە سەر میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و شەڕێكی سه‌خت لەنێوان چەكدارانی داعش و حەشد روویداوە.

پەیامنێری كوردستان24 لە گەرمیان رایگەیاند: "شەوی رابردوو چەكدارانی داعش لە سنووری سلێمان بەگ و جەبارە، ھێرشیان كردە سەر ھێزەكانی حەشدی شەعبی و  شەڕێكی سەخت لە گوندەكانی حەفریە و لوقم، كە دەكەونە نێوان شارۆچكەكانی سلێمان بەگ و جەبارە، روویدا".

پەیامنێری كوردستان24 راشیگەیاند: "تا ئێستا ھیچ زانیارییەك لەبارەی ژمارەی كوژرا و برینداران نییە و بە فەرمیش ھەواڵەكە لە لایەن حەشد و داعش رانەگەیەندراوە".

ئەوە لە كاتێكدایە دوو رۆژ لەمەوبەر داعش لە دەروازەی گوڵاڵە ھێرشی كردە سەر ھێزەكانی عێراق و بارەگایەكی سوپای عێراق سوتاند و ژمارەیەك سەربازی عێراقی كوژران و ژمارەیەكی دیكەش بە برینداری گەیەندرانە نەخۆشخانەی گوڵاڵە.

بە گوێرەی زانیارییەكان ماوەیەكە داعش لە سنووری قەزقای خورماتوو دەستی بە چالاكی كردووەتەوە، ئەمەش دوای ئەوە دێت كە لە 16 ئۆكتۆبەرەوە پێشمەرگە لەو سنوورانە كشاوەتەوە، بە گوتەی شارەزایانی سەربازی نەبوونی ھێزی پێشمەرگە لە سنووری كەركووك و خورماتوو بۆشایی گەورەی ئەمنی لە ناوچەكە دروستكردووە.

ھ.م