هه‌وا ده‌بێته بكوژی ملیۆنه‌ها كه‌س
K24 - هه‌ولێر:
رێكخراوی ته‌ندرووستی جیهانی رایگه‌یاند: "ساڵانه له جیهاندا زیاتر له 7 ملیۆن كه‌س به‌هۆی پیسبوونی هه‌واوه ده‌مرن و له هه‌ر 10 كه‌سێك 9 كه‌سیان هه‌وای پیس هه‌ڵده‌مژن".
رێكخراوه‌كه له‌وباره‌یه‌وه راپۆرتێكی له پێگه ئه‌لیكترۆنییه‌كه‌ی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌و به وردی باسی لایه‌نه نێگه‌تیڤه‌كانی پیسبوونی هه‌وا ده‌كه‌ن و روونیانكردووه‌ته‌وه، ملیۆنه‌ها مرۆڤ ساڵانه به‌هۆی پیسبوونی هه‌واوه ده‌مرن پاش ئه‌وه‌ی كاریگه‌ریی له‌سه‌ر سییه‌كانیان و دڵ و كۆئه‌ندامی هه‌ناسه‌دانیان درووست ده‌بێت".
ئاماژه‌یان به‌وه‌شكردووه ئه‌و نه‌خۆشیانه‌ی به‌هۆی ته‌نه بچووكه‌كانی ناو هه‌واوه تووشی مرۆڤ ده‌بن، ده‌بنه هۆی جه‌ڵته‌ی ده‌ماغ و نه‌خۆشییه‌كانی دڵ و نه‌خۆشی درێژخایه‌نی كۆئه‌ندامی هه‌ناسه‌دان و ئیلتیهابات".
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كه، ته‌نها به‌هۆی پیسبوونی هه‌وای ده‌ره‌وه ساڵی 2016 نزیكه‌ی 4.2 ملیۆن كه‌س مردوون. به‌هۆی پیسبوونی هه‌وای ناو ماڵانیش كه هۆكاره‌كانیان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ درووستكردنی خواردن به ته‌كنه‌لۆژیای پیسبوو، له هه‌مان ماوه‌دا نزیكه‌ی 3.8 ملیۆن كه‌س مردوون".
رێكخراوه‌كه ده‌ڵێت: "زیاتر له 90% ئه‌وانه‌ی به‌هۆی پیسبوونی ژینگه‌وه ده‌مرن له‌و وڵاتانه‌ن كه داهاتی خه‌ڵكه‌كه‌ی زۆر له خواره‌وه‌یه یان مامناوه‌ندن، به‌تایبه‌تی له وڵاتانی كیشوه‌ری ئاسیا و ئه‌فریقا و وڵاتانی خاوه‌ن داهاتی كه‌م و مامناوه‌ند له ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ده‌ریای ناوه‌ڕاست و ئه‌وروپا و هه‌ر دوو ئه‌مریكاكه".
رێكخراوی ته‌ندرووستی جیهانی ده‌ڵێت: "هێشتا ئاستی پیسبوونی هه‌وا به‌رز و مه‌ترسیداره له جیهان، به‌ڵام چه‌ند وڵاتێك له سه‌روبه‌ندی گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی زیاتردان بۆ ئه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌كانی كه‌مبكه‌نه‌وه".
به‌گوێره‌ی راپۆرتی رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كه، زیاتر له 4300 شار و 108 وڵات تا ئێستا لایان تۆماركراوون و له هه‌وڵدان بۆ ئه‌وه‌ی زانیاری له‌سه‌ر هه‌موو ناوچه‌كانی جیهان كۆبكه‌نه‌وه به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته به پیسبوونی هه‌وای ده‌ره‌وه.
له پاش ساڵی 2016 تا ئێستا 1000 شاری دیكه له‌ناو سیستمی زانیارییه‌كانی رێكخراوه‌كه‌دا تۆماركراوون و ئه‌وه‌ش ئاماژه‌ی ئه‌وه‌یه ده‌بێت زۆر وڵاتی دیكه ده‌ست به گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی پێویست بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌كانی پیسبوونی ژینگه بكه‌ن".
تیدرۆس ئه‌دهانۆن، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی رێكخراوه‌كه ده‌ڵێت: "پیسبوونی ژینگه هه‌ڕه‌شه له هه‌مووومان ده‌كات، به‌ڵام هه‌ژاره‌كان زیاتر په‌راوێزخراوون و پشكی شێری ئه‌و كاره‌ساته‌یان به‌ركه‌وتووه".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "مه‌عقوول نییه زیاتر له 3 ملیار كه‌س كه زۆرینه‌یان ژن و منداڵن دووكه‌ڵی كوشنده هه‌ڵمژن و هۆكاره‌كه‌یشی جۆره‌ها سووته‌مه‌نی و ئامێری پیسبوو بێت له ماڵه‌كانیاندا. جا ئه‌گه‌ر بێت‌و له‌باره‌ی پیسبوونی هه‌وا به‌خێرایی ده‌ستبه‌كار نه‌بین، هیچ كاتێك ناتوانین گه‌شه‌پێدانی به‌رده‌وام له‌و بواره‌دا بهێنینه‌دی".