لە كەركووك بانگەشە بەبێ ھێماكانی كوردستان بەڕێوەدەچێت

ھێزە عێراقیەكان وەك بێگانە لە كورد دەڕوانن
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/a134ff2e-12ca-4a20-9813-69c374ccf2a7/050518KGD.ism/manifest

K24 - ھەولێر

لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پارت و لایەنە سیاسییەکان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، هیچ هێمایەکی کوردستانی و ئاڵای کوردستان لەنێو بانگەشەی لایەنە کوردستانییەکان لە کەرکووك بەدیناکرێت، پەرلەمانتارێکی یەکێتیش ئاماژە بەوەدەدات، کەرکووك لەلایەن یەك پێکهاتە و لەسەر بنەمای تۆڵەکردنەوە لە هاووڵاتییانی کوردی ئەو شارە بەڕێوەدەبردرێت.

چەند مانگێک بەر لە ئێستا و بەر لە رووداوەکانی 16 ی ئۆکتۆبەر، ئاڵای کوردستان لەسەر قەڵای دێرینی کەرکووکی کوردان دەشەکایەوە، بەڵام ئێستا لەبری ئاڵای کوردستان، ئاڵایەکی بەرزی عێراق دەشەکێتەوە و کوردانی ئەو شارەش وەکو بێگانەیەك لەلایەن پێکهاتەکانی دیکە سەیر دەکرێن.

تەنیا هەفتەیەك بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق ماوە، پارتی دیموکراتی کوردستان وەك خۆی دەڵێت، بۆ شەرعییەت نەدان بە داگیرکارییەکانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی عێراق، بایکۆتی هەڵبژاردن لە کەرکووکی کردووە، هەرچی پارتەکانی دیکەی کوردستانین، سەرەڕای تووڕەیی و نیگەرانییەکانی کوردانی ئەو شارە، بەشدارییان لە هەڵبژاردن دا کردووە، بەڵام نە هێمایەکی کوردستانی و نە ئاڵای کوردستان لەنێو بانگەشەکانیاندا بەدیناکرێت.

رێبوار تەها، پەرلەمانتاری یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایدەگەیەنێت: "دەبێت کەرکووك لەڕووی ئیداریی، سەربازی و ئەمنییەوە بەهاوبەشی بەڕێوەببردرێت، بەڵام ئێستا کورد لە ئیدارەدانی ئەو شارە، لە بوارەکانی، ئیداری، سەربازی و ئەمنییەوە بەشدار نییە".

لە دوای رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەر، حکوومەتی عێراق جەختی لەسەر پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێکهاتەکانی کورد، عەرەب و تورکمان لەو شارە دەکردەوە، کەچی ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی پێیوایە، کەرکووك لەلایەن یەك پێکهاتە و بە عەقڵێکی سەربازی و لەسەر بنەمای تۆڵەکردنەوە لە کورد بەڕێوەدەبردرێت.

لە پارێزگای کەرکووك 31 پارت و لایەنی سیاسی لە پرۆسەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بەشدارن، هەروەها زیاتر لە 900 کەس خۆیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو کاندیدکردووە.

ھ.م