"دەستی ئێران لە ناوچەكە كورت دەكرێتەوە"

خەڵكی رۆژھەڵاتی كوردستان و ئێران چاوەڕێی بڕیارەكەی ترەمپ دەكەن
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا 12 گوڵان دوا بڕیار لەسەر مانەوە یان ھاتنەدەری وڵاتەكەی لەرێكەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران دەدات، لایەنە سیاسییەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان پێیانوایە كە ئەگەر ئەمریكا گۆرانكارییەكی جیدی لەنێوخۆی ئێراندا نەكات، ھاتنەدەر یان مانەوە لە رێككەوتنەكە سوودێكی ئەوتۆی بۆیان نابێت. ئەندامێكی دەفتەری سیاسی كۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتكێشانی ئێران رایدەگەیەنێت، لەمەودوا دەستی ئێران لە ناوچەكە كورت دەكرێتەوە.

ھەفتەی داھاتوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا دەبێ دوا بڕیار لەسەر ھاتنەدەر یان مانەوەی لەرێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بدات، ئەو بڕیارەی كاریگەرییەكی زۆری نێودەوڵەتی و ناوچەیی دروستدەكات و بەشی زۆری وڵاتانی جیھانی چاوەرێی ئەم رۆژە دەكەن، لەھەموویان نزیكتر كوردەكانن. حزبەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان رایانوایە، رێككەوتنەكە ھەرچییەكی لێ بێت، بەڵام ئەگەر ئاورێك لەنێوخۆی ئێران نەدرێتەوە، سوودێكی ئەوتۆی بۆ ئەوان نابێ.

ئاسۆ حەسەن زادە، جێگری سكرتێری حزبی دیموكراتی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "پێویستە ئەمریكا فشار بخاتە سەر ئێران و رۆڵی لە ناوچەكە كەمبكاتەوە، ھەروەھا تا سەرنج نەدرێتە ژیانی خەڵك بە تایبەتی پرسی ئازادی و دیموكراسی، لە ئێران، باوەڕناكەم ھیچ بڕیارێك گۆڕانكاری لە ژیانی خەڵكی رۆژھەڵاتی كوردستان و ئێران بكات".

ئەگەر ئەمریكا لە رێكەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بكشێتەوە، گەمارۆكانی سەر ئێران دەگەڕێنەوە، رێككەوتنەكە قورساییەكی ئەوتۆی نامێنێ،و ئەگەری ھەڵوەشانەوەی زۆرە،و بڕیارەكانی ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ پشتیوانیكردن لە رێككەوتنەكەش ھێزی جارانی نامێنێت، لەگەڵ ئەوەش ئەمریكا و ھەندێك وڵاتی رۆژئاوایش چاویان زۆرتر لە سنوورداركردنی چالاكییە ناوچەییەكانی ئێرانە، نەك گۆڕانكارییەكی بەپەلە و جیدی لەنێوخۆی ئێران، كوردەكانیش ھەستیان بەوە كردووە.

لەوبارەوە ساڵح شەریفی، ئەندامی دەفتەری سیاسی كۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتكێشانی ئێران، دەڵێت: "پێشتر چاوپۆشی كراوە لە پێشێلكاری و بێ یاساییەكانی ئێران، بەڵام ئێستا وڵاتانی رۆژئاوا بۆچوونیان لەبارەی ئێران گۆڕاوە، باوەڕناكەم ئەو پاوانخوازی و سەرەڕۆییەی لێ قبووڵ بكەن، دەیانەوێت دەستی ئێران لە ناوچەكە كورت بكەنەوە".

ھ.م