شەپۆلێكی بەھێزی بارانبارین ھەرێمی كوردستان دەگرێتەوە

كەشناسی ھاووڵاتیان ئاگادار دەكاتەوە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، شەپۆلێكی بارانبارینی بەھێز ھەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و بە مەبەستی ئامادەكاری بۆ بەرزبوونەوەی ئاو و روودانی لافاو بە نووسراو دامەزراوە پەیوەندیدارەكان و ھاووڵاتیانیان ئاگاداركردووەتەوە.

فازڵ ئیبراھیم، بەڕێوەبەری كەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "بە گوێرەی نەخشەكان كەشوھەوا دووبارە ئەو ناسەقامگیرییەی كەشوھەوا كە ھەیە چالاكتر بێت، كاریگەرییەكانی ئەمشەو لە سەرەتادا بارانبارین لە سنووری دھۆك دەست پێدەكات و بۆ بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە سنووری پارێزگای ھەولێر و دوانیوەڕۆی ھەمان رۆژ ناوچەكانی سلێمانی دەگرێتەوە، لە ئەنجامی یەكگرتنی ھەردوو پاڵەپەستۆی دەریای ناوەراست و دەریای سوور، شەپۆلی بارانبارینەكە بەھێز دەبێت و بارانی بەلێزمە دەبێت و پلەكانی گەرما دادەبەزێت، لە ھەندێك كاتدا ھەورە بروسكە و تەرزەی لەگەڵ دەبێت، پێشبینی دەكرێت ئاستی ئاو بەرزبێتەوە، بۆیە ئاگادارینامەیەكمان ئاراستەی دەزگا خزمەتگوزارییەكانی ھەولێر و ھاووڵاتیان كردووە".

گوتیشی: "ئەو شەپۆلە بارانبارینە سبەی چڕدەبێتەوە، رۆژی چوارشەممە بارانبارین كۆتایی دێت، بەڵام ناسەقامگیری كەشوھەوا بەردەوام دەبێت و لە رۆژانی دواتر بەشێوەی پچڕ پچڕ بارانبارین بەردەوام دەبێت".

لە لایەكی دیكە و ھەر سەبارەت بەو شەپۆلە بارانبارینەی كە پێشبینی دەكرێت لە ئەمشەوەوە ھەرێمی كوردستان بگرێتەوە، زەردەشت رەفیق، بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانی سلێمانی بە كوردستان24 گوت: "لە رێگەی دەزگا راگەیاندنەكانەوە رێنماییمان بۆ ھاووڵاتیان بڵاوكردووەتەوە و داوایان لێدەكەین رێڕەوی ئاوەكانیان پاك بكەنەوە، ھەروەھا دامودەزگا خزمەتگوزارییەكانیش ئامادەكارییان كردووە بۆ روودانی ھەر رووداوێكی سرووشتی".

ئەوەشی خستەڕوو: "مەترسی ھەیە لە گەڕەكی قڕگە و چەند گەڕەكێكی تاسلوجە ئاستی ئاو بەرزببێتەوە، چەند جارێك بەھۆی گیرانی مەنھۆڵ لافاو لەو گەڕەكانە روویداوە".

ھەر سەبارەت بە ئامادەكارییەكان بۆ روودانی لافاو لەكاتی ئەو شەپۆلە بارانبارینەی كە روو لە ناوچەكانی كوردستان دەكات، ھەرێم جاف پەیامنێری كوردستان24 لە گەرمیان رایگەیاند: "لە گەرمیان ھۆشداری دراوەتە ھاووڵاتیان لە شەپۆلێكی بەھێز ناوچەكە دەگرێتەوە و كە ھاووڵاتیان خۆیان بپارێزن لەكاتی بارانی بەھێز ھاتووچۆ نەكەن، چونكە ئەگەری لافاو دەكرێت".

ھ.م