لە كەركووك ھۆشداری لە ساختەكاری ھەڵبژاردن دەدرێت

چەند خاڵێك لەبارەی ھەوڵەكان بۆ گۆڕینی ئەنجامەكان دەخرێتەڕوو
kurdistan24.net

K24 - كەركووك

بەھۆی ئەوەی عەرەبەکان دەسەڵاتی رەھایان لە کەرکووك ھەیە، پێکھاتەی کورد و تورکمان ھۆشداری لە گۆڕینی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان دەدەن، مەترسییە گەورەکەش لە سنووری حەویجە و ریاز و عەباسی و ناوچەکانی باشووری کەرکووکە، ھۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە نزیکەی 150 ھەزار کارتی دەنگدانی کاتی بۆ ئاوارە عەرەبەکانی ئەو سنوورا‌نە چاپکراون و بەبێ ھیچ مەرجێك دەتوانن دەنگبدەن، چالاکوانێکی کوردیش پێیوایە بەشداریکردنی کورد لە ھەڵبژاردن، لە دۆخێکی وەك ئێستا بە مانای شەرعییەتدانە بەو داگیرکارییەی لە کەرکووك ھەیە.

ماردین جۆشقایا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی بە كوردستان24 راگەیاند: "زانیومانە لە حەویجە و دەوروبەری زیاتر لە 150 ھەزار كەس كارتی دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە بە پاساوی ئەوەی كە پێشتر ئاوارەبوونە، ئەمەش كاریگەری لەسەر پرۆسەی ھەڵبژاردن دەبێت، ئەوەش بووەتە ترسی ئێمە لە ئەنجامەكانی ھەڵبژاردن لەو ناوچانە".

ھەر لەبارەی ئەو پرسەوە، حەسەن بارام، ئەندامی ئەنجوومەنی بەرێوەبردنی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری بە كوردستان24 گوت: "بەشێك لەو ئاوارانە لە كەمپەكانن كە فاكتەرێكە بۆ ساختەكاری لە ھەڵبژاردن، ھەروەھا تائێستا لە رووی ئەمنییەوە سنووری كەركووك بە تەواوی كۆنترۆڵ نەكراوەتەوە، كە ئەمەش زەمینە بۆ ساختەكاری خۆش دەكات، رێگایەكی دیكە بۆ ساختەكاری بوونی دوو كارتی دەنگدانە كە یەكێكیان نوێیە و ئەوەی دیكەشیان كارتی دەنگدانی ساڵی2014یە، خاڵێكی دیكە بوونی ئەو دەسەڵاتەیە لە شارەكەدا".

ئەدھەم جومعە، سەرپەرشتیاری بزووتنەوەی مافی کورد دەڵێت: "بەشداریكردن لە ھەڵبژاردنەكانی عێراق لە كەركووك، شەرعییەت دانە بەو دەسەڵاتە سەربازییەی كە ئێستا لە شارەكە ھەیە، لە كۆی 18 پارێزگای عێراق تەنھا لە پارێزگای كەركووك دادوەری سەربازی ھەڵبژاردن بەڕێوەدەبات، ئەوە خاڵێكی گرنگە كە دەبێ سەركردایەتی سیاسی كورد خوێندنەوەی بۆ ئەو بابەتە ھەبێت".

گوتیشی: "پێویستە خەڵكی كەركووك بە گشتی و كورد بە تایبەتی بایكۆتی ھەڵبژاردنەكان بكات و پەیامێكی روون بداتە بەغدا، كە ئەم شارە بەوشێوەیە بەڕێوەناچێت و خەڵكی شارەكە قبووڵی ناكات، بەغدا ھەموو ئەجنداكانی خۆی بەسەر خەڵكی كەركووك بسەپێنێت".

ھ.م