شەڕی بە دەستھێنانی كورسی لە سلێمانی چڕدەبێتەوە

زۆربەیان دەڵێن دەنگی یەكەم دەبین

K24 - سلێمانی

بەھۆی دروست بوونی دوو ھێزی نوێ لە پارێزگای سلێمانی، پێشبینی دەکرێت چەقی ململانێی زۆرینەی لیستەکان ھەر لە سلێمانی بمێنێتەوە و زۆینەی ئەو قەوارانەش دەڵێن، دەنگی زۆرینەی سلێمانی ھی خۆیانە، یەکێتی دەڵێت، دیموکراسیەتی منە کە بووەتە ھۆی دروست بوونی لیستی نوێ، ھاوپەیمانیش رایدەگەیەنێت، ئەوان لە سلێمانی دەبنە زۆرینە، یەکگرتووش رایوایە نەك لە سلێمانی، بەڵکو لە ھەموو کوردستان لە رکابەریدان و لە ھەڵەبجەش دەبنە یەکەم.

بڕیار رەشید، وتەبێژی دەزگای ھەڵبژاردنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "یەكێتی بە گشتی تەركیزی لەسەر سلێمانی نییە، بەڵكو لەو ھەڵبژاردنە لە زۆربەی پارێزگاكان كاندیمان ھەیە و یەكێتی ئەندام و لایەنگری لە ھەموو عێراق ھەیە، بوونی چەقی ململانێ لە سلێمانی دەگەڕێتەوە بۆ باڵادەستی یەكێتی لە سلێمانی، كە توانیویەتی ئەو دیموكراسییە فەراھەم بكات، كە لیست و قەوارەی جیاواز دروست بن".

ھاوپەیمانی دوای بزووتنەوەی گۆران، حزبی دووەمە لە ھەناوی یەکێتی و لە سلێمانییەوە دروست ببێت و سەرۆکەکەی خەڵکی سلێمانی بێت، رایدەگەیەنن، ژیان و ئاوەدانی لای ئەوانە و بۆ ھاتنەدی درووشمەکەیان ململانێ لە ھەموو پارێزگاکان دەکەن و پێشبینی بەدەست ھێنانی زۆرینەی کورسیەکانی سلێمانی دەکەن.

رێبوار کەریم، وتەبێژی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری بە كوردستان24 گوت: "گرەومان لە بردنەوەیە لەپێناو دادپەروەیەكی راستەقینە، پێشمانوایە ئەو كارە تەنھا لە یەك ناوچە نییە و چەقی ملمملانێی ئێمە ھەموو كوردستانە، پێشبینی دەكەین لە ھەموو كوردستان بە تایبەتی لە سلێمانی زۆرینەی دەنگەكان بە دەست بێنین".

یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان 14 کاندیدی بۆ 18 کورسیەکەی پارێزگای سلێمانی ھەیە، ئەوان دەڵێن، لە ھەموو پارێزگاکان بە ھاوسەنگی بانگەشەی خۆیان کردووە و پێشبینی ئەوەش دەکەن لە پارێزگا نوێکەی ھەرێمی کوردستان کە ھەڵەبجەیە ببنە ھێزی یەکەم.

یەحیا رێشاوی، بەرپرسی دامەزراوەی راگەیاندنی و ھونەری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەڵێت: "سرووشتی یەكگرتووی ئیسلامی جیاوازە لە حزبەكانی دیكە، لە ھەموو پارێزگاكان ململانێ بە دەستھێنانی دەنگ دەكەین، لە ھەڵەبجە ركابەری یەكەم دەكەین".

لە ھەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بێجگە لەو ھێزە سیاسیانەی پیشتر بەشداری ھەڵبژاردنی چوار ساڵی رابردوویان کردووە، دوو ھێزی نوێ بەشدار دەبن و ھەموو لیستەکانیش دەڵێن دەنگی زۆرینەی 79 بنکەکەی دەنگدانی سلێمانی بۆ خۆیان دەبێت.

ھ.م