كوتله‌ی سه‌در بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران به‌دوای كه‌سێكدا ده‌گه‌ڕێت
K24- هه‌ولێر:
سه‌ڵاح عوبێدی، وته‌بێژی موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در دووپاتیكرده‌وه، هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌یان "سائیرون" كه یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه، سوور نییه له‌سه‌ر ده‌ستنیشانكردنی كه‌سێكی دیاریكراو بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و گوتیشی: "ئێمه چه‌ند مه‌رجێكمان بۆ حه‌یده‌ر عه‌بادی هه‌یه بۆئه‌وه‌ی پشتگیری دووباره خۆكاندیدكردنه‌وه‌ی بكه‌ین".
له دیدارێكی ته‌له‌فزیۆنیدا وته‌بێژی سه‌در ئاماژه‌ی به‌وه كرد، "هیچ كێشه‌یه‌كمان له‌گه‌ڵ خۆكاندیدكردنه‌وه‌ی عه‌بادی نییه بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیران، به‌ڵام پێویسته چه‌ند مه‌رج و به‌ڵێنێك جێبه‌جێ بكات بۆئه‌وه‌ی ئێمه‌ش پشتگیری بكه‌ین"، گوتیشی: "سائیرون پشتگیری هه‌ر كاندیدێك بۆ ئه‌و پۆسته ده‌كات، كه له هه‌ژموونی حزبایه‌تی دوور بێت و پێویسته وه‌زیره‌كانی كابینه‌كه‌ی له كه‌سانی ته‌كنۆكرات هه‌ڵبژێرێت، كه هیچ ئینتیمایه‌كیان بۆ حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كان نه‌بێت و، دوور له هه‌ژموون و فشاری كوتله‌كانیان ئه‌ركه‌كانیان جێبه‌جێ بكه‌ن".
عوبێدی دووپاتیكرده‌وه، "هیچ لیستێك نییه كه قه‌باره‌یه‌كی گه‌وره‌ی ره‌های هه‌بێت بۆئه‌وه‌ی بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت راسپێردرێت"، و گوتیشی: "ئه‌و لیستانه‌ی پلان و به‌رنامه‌ی سه‌ره‌كییان بریتییه له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی، لیستی گه‌وره‌ن نه‌ك بچووك".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "پرۆسه‌ی ده‌نگدان له هه‌ڵبژاردنی عێراقی له ساڵی 2018، ئه‌و كه‌سانه‌ی پێشووی ره‌تكرده‌وه كه له هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشوودا ده‌نگیان پێ‌درابوو".
به‌گوێره‌ی ئه‌نجامه به‌راییه‌كانی هه‌ڵبژاردن له 10 پارێزگا عێراق، هاوپه‌یمانێتی سائیرون كه له‌لایه‌ن ره‌وتی سه‌دره‌وه سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرێت، به به‌ده‌ستهێنانی 54 كورسی له په‌رله‌مانی عێراق پله‌ی یه‌كه‌می له‌و پرۆسه‌یه‌دا به‌ده‌ستهێناوه، به‌ڵام وه‌ك راگه‌یه‌ندراوه، دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامی كۆتایی ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه گۆڕانكاری به‌سه‌ر ئه‌و ژماره‌یه‌دا بێت.
H.B