شەڕڤانان سنووری سووریا و عێراق كۆنترۆڵ دەكەن

فەرماندەیەكی ھەسەدە: تا ئێستا 23 كیلۆمەتر پێشڕەوییمان كردووە
kurdistan24.net

K24 - دێرەزوور

ئۆپەراسیۆنی ھێزەكانی سووریای دیموكارت (ھەسەدە) بەناوی "گه‌رده‌لوولى جزيره‌" لە نزیك رووباری فوڕات بەردەوامە، فەرماندە سەربازییەكانی ئەو ھێزە رایدەگەیەنن، بە كۆتایی ھاتنی ئۆپەراسیۆنەكەیان، داعش لەو ناوچەیە كۆتایی پێدێت و سنووری سووریا و عێراقیش كۆنترۆڵ دەكەنەوە.

ئەبو عەبدال، یەكێك لە فەرماندەكانی ئەنجوومەنی سەربازی دێرەزوور بە كوردستان24 راگەیاند: "لەسەرەتای دەستپێكردنی "گه‌رده‌لوولى جزيره‌" تا ئێستا 23 كیلۆمەتر پێشڕەوییمان كردووە، ھەر رۆژێك چوار خاڵ لە دەستی داعش پاكدەكەینەوە و دواتریش ھەڵمەتی پاككردنەوەی ئەو زەوییانە لە مین دەست پێدەكەین".

ئێستا داعش لە شاری ھەجین لە سێ لاوە گەمارۆدراوە، ھەسەدە بە ھەستیاری دەوری شارەكەیداوە، چونكە ھێزێكی زۆری داعش بە چەك و تەقەمەنی قوڕسەوە لەوێ جێگیركراوە، بۆیە ئێستا ھێزەكانی سووریای دیموكرات، پلانی كۆنترۆڵكردنی گوندی دشیشەی داڕشتووەو دەیانەوێت وەك ئاسانكاری بۆ كۆنترۆڵكردنی شاری ھەجین پێشتر ئەوێ كۆنترۆڵ بكەن.

نەشمی حسێن، فەرماندەی ھێزەكانی سووریای دیموكرات لە ئۆپەراسیۆنی رووباری فورات بە كوردستان24 گوت: "پلانی ئێمە دوای كۆنترۆڵكردنی گوندی باھۆز و دەست بە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنی گوندی دەشیشە دەكەین كە دەكەوێت سەر سنووری سووریا و عێراق، دواتر بەرەو ھەجین و سوسا دەچین و بە كۆنترۆڵكردنی ئەو ناوچانە داعش كۆتایی پێدێت".

رۆژھەڵاتی فوڕات لە شاری رەققە تا دێرەزوور و سنووری عێراق، یەكێك لە ناوچە ستراتیژییەكانی بندەستی داعش كە توانیویانە لەوێ جێ پێی خۆیان قایمتر بكەن، ھەروەھا لە رووی ئابوورییەوە بە سەرچاوەی مانەوەی داعش دادەنرێت، چونكە چەندین كێڵگە نەوتی گەورە كەوتوونەتە ئەو سنوورە، ھەروەھا ناوچەكە دەوڵەمەندە بە ھەبوونی ئاوێكی زۆر و چەند بەنداوێكی دروستكردنی كارەبا لەوێ ھەن.