گۆڕان بەبێ نەوشیروان مستەفا باری لاربوو

"لەسەردەمی ئەو بڕیارەكان بە خێرایی دەدران و گرفتەكانمان چارەسەر دەكردن"
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ مەراسیمێك بەبۆنە ساڵێك بەسەر کۆچی دوایی  نەوشیروان مستەفا لەسەر ئارامگاکەی بەرێوەبچێت، ساڵێکە نەوشیروان مستەفا لە ژیان نەماوەو و زیاتر لە دوو ساڵیشە گۆڕەپانی کاری سیاسی بەجێھشتووە، ژمارەیەك لە ھەڵسوڕوانی گۆڕان دەڵێن، کاتێك نەوشیروان مستەفایان لەگەڵ بووە پرۆسەی بڕیاردان و چارەسەری گرفتەکان خێرا تربوو، ھەندێکی دیکەشیان پێیانوایە، لە دوای نەوشیروان مستەفا گۆڕان چەسپاوتر و خۆڕاگرتربووە و بزووتنەوەکە بەرەو پێش چووە.

ساڵێك بەسەر کۆچی دوایی نەوشیرون مستەفا ئەمین رێکخەری گشتی پێشوی گۆڕان تێپەڕدەبێت، بزووتنەوەی گۆڕان لە دوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا چەندین تاقیکردنەوەی ئەنجامداوە، ھەڵبژاردنی رێکخەری گشتی و خانەی راپەڕاندنی گۆڕان و پرۆسەی کشانەوەی لە کابینەی ھەشتەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بەشداری لە ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دوای نەوشیروان مستەفا ئەنجامدران.

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان رایوایە، تا نەوشیروان مستەفا لە ژیانی سیاسیدا بوو پرۆسەی بڕیاردان و چارەسەری گرفتەکان خێراتر بوون و پەرتەوازەیی لە ناو گۆڕان کەمتر بوو، ھەرچەندە نایشارێتەوە زۆرێك لەو کەسانەی رەخنەیان لە بزووتنەوەکە ھەبوو دوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، بەیەکدەست ھاتنەوە مەیدانی کارکردن.

عومەرر عینایەت، ئەندامی پەرلەمانی کوردستانی لە فراكسیۆنی گۆران بە كوردستان24 راگەیاند: "كاتێك كە نەوشیروان مستەفا، لە مەكۆی سەرەكی گۆڕان بوو بڕیارەكان خێراتر دەدران و چارەسەری گرفتەكان خێراتر دەدۆزرایەوە، ھەروەھا پەرتەوازەی كەمتربوو لەناو بزووتنەوەی گۆڕان".

گوتیشی: "ھەندێك برادەر لە كاتی بوونی نەشیروان مستەفا رەخنەو گلەییان لە گۆڕان ھەبوو، بەڵام دوای ماڵئاوایی نەوشیروان مستەفا بە گڕوتین و جۆشوخرۆشەوە بۆ پەرەدانی زیاتر بە بزووتنەوەكە ھاتنەوە ناو گۆڕان".

لە دوای رێکكەوتنامەی سیاسی بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە سەرپەرشتی ھەردوو کۆچکردووان مام جەلال، سکرتێری گشتی یەکێتی و نەوشیراون مستەفا، رێکخەری کۆچکردووی بزووتنەوەی گۆڕان، ئیتر نەوشیروان مستەفا بەھۆی نالەباری تەندروستیەوە لەکاری سیاسی لە ناو بزووتنەوەکەی کەمتر دەرکەوت و دەسەڵاتەکانی خۆی دابەشکرد،ھەڵسوڕاوێکی دیاری ئەو بزووتنەوەیە دەڵێت، لە دوای نەوشیروان مستەفا گۆڕان چەسپاوتر و خۆڕاگر تربووە.

بابەكرد دڕەیی، ھەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان بە كوردستان24 گوت: "بێگومان ھەموو حزبێك نەمانی سكرتێر و سەرۆكەكەی پێوەدیار دەبێت، بەتایبەتی ھاوشێوەی كاك نەوشیروان، بەڵام كاك نەوشیروان بۆ پرۆڤە كردن بە ھاوڕێكانی پێش كۆچی دوایی زیاتر لە ساڵێك دەبوو لە بڕیاری سیاسی دووركەوتبووەوە، دوای ئەو بزووتنەوەی گۆڕان توانیویەتی لەسەر پێی خۆی بوەستێ و بە باشی لەسەر بەرنامە و پەیڕەوی كاك نەوشیروان رۆیشتووە".

ئەوەشی خستەڕوو: "دەنگدەرانی گۆڕان لەم ھەڵبژاردنە بەباشی ھاتنە پێشەوە بۆ ئەوەی گۆڕان بەبێ كاك نەوشیروان بۆشایی تێدانەبێت، بەڵام دەنگەكانیان دزراون".

لەژێر دروشمی "گەر ئیرادە بەردەوام بێت، ئاسۆی ژیان درەوشاوەیە" ئەمڕۆ ساڵیادی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا ئەمین، لەسەر ئارامگاکەی دەکرێتەوە. مەراسیمەکە، تێیدا کتێبێکی بڵاونەکراوەی نەوشیروان مستەفا نمایش دەکرێت و چەند چالاکییەکی جۆراوجۆر پێشکەش دەکرێن ‌و پێشانگایەکی کتێبیش دەکرێتەوە.ھەر لە مەراسیمەکەدا ئەندامانی خانەی راپەڕاندن ‌و جڤاتی نیشتمانی ‌و گشتی بزووتنەوەی گۆڕان پێشوازی لە میوانەکان دەکەن ‌و ھیچ بەیاننامە و وتارێك ناخوێندرێتەوە.

ھ.م