"ھیوادارم ھەولێر و بەغدا دوور لە دەمارگیری قۆناخێكی نوێ دەستپێبكەن"

سەرۆك بارزانی پەیامێك لەبارەی دۆخی عێراق بڵاودەكاتەوە

K24 - ھەولێر

سەرۆك مەسعود بارزانی، لە پەیامێكدا بەبۆنەی كۆتاییھاتنی پرۆسەی ھەڵبژاردنەكانی عێراقەوە رایدەگەیەنێت "دۆخێكی تازە هاتووەتە ئاراوە. هیوادارم هەولێر و بەغدا دوور لە دەمارگیری و گرژی، پێداچوونەوەیەكی نوێ بە پەیوەندییەكانیاندا بكەن و ئەو هەڵبژاردنە دەستپێكی قۆناغێكی تازە بێت بۆ هەردوولا".

لە بەشێكی دیكەی پەیامی سەرۆك بارزانی ھاتووە: "هۆكاری سەرەكیی هەموو گیروگرفتەكانی پێشوو و بڕیاری گەلی كوردستان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەگەڕێتەوە بۆ پابەندنەبوونی حكوومەتی بەغدا بە دەستوور و لە دیباچەی دەستووریشدا بە ڕوونی هاتووە كە" إنّ الالتزام بهذا الدستور يحفظُ للعراق اتحاده الحر شعبا وأرضاً وسيادةً". ئەمە ئاماژەیەكی زۆر ڕوونە كە عێراق لە یەكێتییەكی ئارەزوومەندانە پێكهاتووە و بەم پێیە ڕیفراندۆم و مافی دیاریكردنی چارەنووس مافێكی دەستووری و سرووشتیی گەلی كوردستانە".

سەرۆك بارزانی لەو پەیامەدا راشیدەگەیەنێت: "پێویستە دوای سەد ساڵ ئەزموونی پڕ لە كارەسات ئەو قەناعەتە لە بەغدا دروست ببێت كە چیتر دژایەتیی مافەكانی گەلی كوردستان نەكەن و لە دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان تێبگەن. ئێستا دەرفەتێكی باشە كە لایەنە باڵادەستەكانی عێراق بەوەو ڕۆح و هەڵوێستەی كە دەستووری لەسەر بنیات نراوە مامەڵە لەگەڵ ماف و داواكارییەكانی گەلی كوردستان بكەن. پێویست بوو حكوومەتی بەغدا كار بۆ قەرەبووكردنی گەلی كوردستان بكات نەك ئەوەی ئابڵۆقەی بدات و سزای بەكۆمەڵی بەسەردا بسەپێنێت. حكوومەتی عێراق دەبێ قەرەبووی ئەنفال و كیمیاباران و وێرانكردنی دێهاتەكان و ئاوارەكردنی خەڵكی كوردستان بكات كە لە قۆناغەكانی پێشوودا و لەم دواییانەش لە كەركووك و دوز و شوێنەكانی تر دژی گەلی كوردستان ئەنجام دراوە".

 

دەقی پەیامی سەرۆك بارزانی بۆ ڕای گشتیی

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

جەماوەری خۆشەویستی كوردستان

ئێستا كە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كراوە، دۆخێكی تازە هاتووەتە ئاراوە. هیوادارم هەولێر و بەغدا دوور لە دەمارگیری و گرژی، پێداچوونەوەیەكی نوێ بە پەیوەندییەكانیاندا بكەن و ئەو هەڵبژاردنە دەستپێكی قۆناغێكی تازە بێت بۆ هەردوولا.

هۆكاری سەرەكیی هەموو گیروگرفتەكانی پێشوو و بڕیاری گەلی كوردستان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەگەڕێتەوە بۆ پابەندنەبوونی حكوومەتی بەغدا بە دەستوور و لە دیباچەی دەستووریشدا بە ڕوونی هاتووە كە" إنّ الالتزام بهذا الدستور يحفظُ للعراق اتحاده الحر شعبا وأرضاً وسيادةً". ئەمە ئاماژەیەكی زۆر ڕوونە كە عێراق لە یەكێتییەكی ئارەزوومەندانە پێكهاتووە و بەم پێیە ڕیفراندۆم و مافی دیاریكردنی چارەنووس مافێكی دەستووری و سرووشتیی گەلی كوردستانە.

پێویستە دوای سەد ساڵ ئەزموونی پڕ لە كارەسات ئەو قەناعەتە لە بەغدا دروست ببێت كە چیتر دژایەتیی مافەكانی گەلی كوردستان نەكەن و لە دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان تێبگەن. ئێستا دەرفەتێكی باشە كە لایەنە باڵادەستەكانی عێراق بەوەو ڕۆح و هەڵوێستەی كە دەستووری لەسەر بنیات نراوە مامەڵە لەگەڵ ماف و داواكارییەكانی گەلی كوردستان بكەن. پێویست بوو حكوومەتی بەغدا كار بۆ قەرەبووكردنی گەلی كوردستان بكات نەك ئەوەی ئابڵۆقەی بدات و سزای بەكۆمەڵی بەسەردا بسەپێنێت. حكوومەتی عێراق دەبێ قەرەبووی ئەنفال و كیمیاباران و وێرانكردنی دێهاتەكان و ئاوارەكردنی خەڵكی كوردستان بكات كە لە قۆناغەكانی پێشوودا و لەم دواییانەش لە كەركووك و دوز و شوێنەكانی تر دژی گەلی كوردستان ئەنجام دراوە.

ئێمە پێمان باشە كە بە دیالۆگ لەگەڵ بەغدا بەردەوام بین هەتا دەگەینە ئەنجامێك. هەرگیز بژاردەی ئێمە بژاردەی شەڕ نەبووە.

بە داخەوە هەمیشە و لە هەموو قۆناغەكانی ڕابردوو ئەوە بەغدا بووە كە شەڕی هەڵبژاردووە و ئێمەیش بەرگریمان كردووە بە ڕووداوەكانی دوای 16ـی ئۆكتۆبەریشەوە. كەچی هەمیشە و بەر لە ڕیفراندۆم و دوای ڕیفراندۆمیش ڕامان وا بووە گرفتەكان دوور لە توندوتیژی چارەسەر بكەین و پەیوەندیمان لەگەڵ بەغدا ئاشتیانە بێت. لەگەڵ ئەوەیشدا ئەو واقعەی كە بە زۆری چەك و خۆسەپاندن لە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی تری دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دروست بووە پێویستە كۆتایی بێت و مێژوو سەلماندوویەتی كە .. بەڵێ، ئەم خۆ ناچەمینین.. و بە زمانی چەك و زۆر لەدژی گەلەكەمان، ئیرادەی گەلی كوردستان هەرگیز نەشكاوە و ناشكێت.

لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانیش هەندێ  نیگەرانی و گومان لە پڕۆسەی هەڵبژاردن و ئەنجامەكانیدا هەیە. بۆ نەهێشتنی گومان و ناڕەزاییەتەكان پێویستە كۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق هەنگاوی پێویست بنێت بۆ ڕەواندنەوەی گومانەكان و قەناعەت بۆ لایەنە ناڕازییەكان دروست بكات.

گەلی كوردستان قوربانیی بێ هەژماری داوە و ئەو دەستكەوتانەی ئێستا هەن بە خوێنی هەزاران شەهید هاتووەتە ئارا. ئێستایش كە قۆناغێكی تازە لە ئارادایە و هەڵبژاردن كراوە و، بۆ ئەوەی خوێنی شەهیدەكانمان بەفیڕۆ نەچێت و دەستكەوتەكان بپارێزرێن، پێویستە لایەنە كوردستانییەكان بەرژەوەندیی نیشتیمانی بخەنە پێشەوەی بەرژەوەندیی حزبی و هەموو لایەك پێكەوە بن و بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان نەكەنە قوربانیی هەندێ دەستكەوتی كاتی و سیاسیی و حزبی. دەبێ لەوە تێبگەن كە ئەگەر كوردستان هەموو یەكدەنگ بێت دەتوانرێ دەستكەوت و مافەكان بپارێزرێن و ئەگەر پەرتەوازە بین ئەوە كوردستانیش  لاواز دەبێت. هەموو ئەزموونەكان پێمان دەڵێن كە ئەگەر پێكەوە بین، كاری گەورە و دەستكەوتی گەورە دێتە دی و ئەگەریش پەرتەوازە بین دۆزی ڕەوای گەلەكەمان زیان دەبینێت و پاشەكشە دەكات و ڕەنج و قوربانیدانیگەلی كوردستان بەفیڕۆ دەچێت. هەر بۆیەش داوا دەكەم لایەنە كوردستانییەكان ئەمجارە لە بەغدا پێكەوە بن و یەكڕیز بن.

لە كۆتاییدا سوپاسی ئەندام و كادیر و لایەنگران و دۆستانی پارتی و هەموو ڕۆڵە دڵسۆزەكانی گەلی كوردستان دەكەم  كە نەیانهێشت حەزی نەیاران و ناحەزان بهێتە دی.

سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدە نەمرەكانمان

سڵاو بۆ پێشمەرگە قارەمانەكان

مسعود بارزانی

19ـی 5ـی 2018