گۆڕان ھەڕەشە دەكات

چاوەڕێی ئەنجامی سكاڵاكان دەكەین
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

پەرلەمانتارێكی بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، بەو ئەنجامەی ئێستای ھەڵبژاردنەكان بەشداری لە پرۆسەی سیاسی ناكەن و بایكۆتی دەكەن.

بێستوون فایەق، پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: "ھەر لە یەكەم رۆژی راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەكانی ھەڵبژاردن، سەرلەبەری ئەنجامەكانمان رەتكردووەتەوە، لەبەر ئەوەی ھەموو خەڵكی كوردستان دەزانێت، ئەوە دەنگ و سەنگی گۆڕان نییە".

گوتیشی: "بڕیاری فەرمی بزووتنەوەی گۆڕان ئەوەیە كە پابەند نییە بە ئەنجامەكانی ھەڵبژاردن و رەتیدەكاتەوە، بەو ئەنجامەی كە راگەیەندراوە، گۆڕان بەشداری لە پرۆسەی سیاسی ناكەین و بایكۆتی دەكەین، چونكە ئاشكرایە كە فێڵ لە دەنگدەرانمان كراوە".

ئاماژەی بەوەشدا: "ھەنگاوی دیكە دەنێین، بەڵام ئێیستا چاوەڕێیی ئەنجامی ئەو سكاڵایانە دەكەین كە لە رێگەی دادگا تۆماریان دەكەین، بۆ ئەوەی ئەنجامێكمان بداتە كە لەو شوێنانەی كە گومان لە دەنگەكان ھەیە ھە ڵبژاردن دووبارە بكرێتەوە، یان بە دەنگەكان بە دەست ھەژمار بكرێنەوە، ئەگەر ئەمە نەكرێت ھەموو ئەگەرێك لەبەردەم بزووتنەوەی گۆڕاندا كراوەیە".

بێستوون فایەق، ئەوەشی خستەڕوو: "چوارساڵی كاری سیاسی ئێمە دیارە و ھی ئەوانی دیكەش دیارە، ئەگەر ئێمە خراپمان كردبێت دەنگدەرەكانمان سزایان دابین، ئەی یەكێتی و پارتی چیان كردووە تا دەنگەكانیان زیاد بكات، ئێمە ئەندازەی خۆمان و بەرامبەرەكەشمان دەزانین".