عه‌بادی چاوی له خولێكی دیكه‌یه
K24 - هه‌ولێر:
حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند، 4 ساڵی داهاتوو گۆڕانكاریی فراوان له عێراق رووده‌دات ئه‌گه‌ر بێت‌و حكومه‌تێكی گونجاو هه‌ڵبژێردرێ و ئاماده‌یی خۆیشی بۆ هاوكاریكردن له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م كوتله سیاسییه‌كان ده‌ربڕیوه بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ و دیدگای خۆی بۆ داهاتوو خستووه‌ته روو ئه‌گه‌ر هاتوو بۆ خولێكی دیكه كاندید بكرێته‌وه.
له وتارێكدا كه ئه‌مڕۆ شه‌ممه 19/5/2018 له رۆژنامه‌ی واشنتن پۆستی ئه‌مریكی بڵاوكراوه‌ته‌وه، عه‌بادی داوای گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانێتییه‌كانی دیكه ده‌كات بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ كه له‌سه‌ر بنه‌مای چاكسازی و پشت به‌ستوو بێت به سیاسه‌ته سه‌ركه‌وتووه‌كانی حكومه‌تی ئێستا و ببێته هۆی گه‌شه‌كردنی ئابووری و پاراستنی هه‌ڵوێستی دیپلۆماسی بێلایه‌نی عێراق له‌گه‌ڵ وڵاتانی دیكه‌دا و پشتیشی به ئاشته‌وایی نیشتمانی و پاراستنی ده‌ستكه‌وته ئه‌منییه‌كان و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی گرووپه توندڕه‌وه‌كان به‌ستبێت".
عه‌بادی ده‌ڵێت: "به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بیر له‌وه ناكه‌ینه‌وه كار له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌دا بكه‌ین كه ده‌ستیان به گه‌نده‌ڵی پیسه و ئه‌وانه‌یشی به تائیفه‌گه‌ری ناسراون و پێویسته كاندیدی وه‌زاره‌ته‌كان كه‌سانی ته‌كنۆكرات بن و له‌سه‌ر حكومه‌تی نوێیش پێویسته نوێنه‌رایه‌تی سه‌رجه‌م ئیتنیك و مه‌زهه‌ب و تائیفه‌كان بكات".
عه‌بادی باسی سێ مه‌ترسیشی له‌سه‌ر هاووڵاتیانی عێراقی كردووه‌و ده‌ڵێت: "به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی، فه‌راهه‌مكردنی ده‌رفه‌تی كار و باشكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان كاری له پێشینه‌مانه و پێوه‌ی پابه‌ند ده‌بین و هه‌وڵی لادانی ئه‌و مه‌ترسیانه له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا ده‌ده‌ین".
حه‌یده‌ر عه‌بادی ده‌ڵێت: شه‌ڕ ده‌كه‌م له پێناو "چاكسازی ئابووری، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی، ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی كار بۆ ملیۆنان گه‌نج كه زۆرینه‌ی دانیشتوان پێكده‌ھێنن، باشكردنی خزمه‌تگوزاریی گشتی، چاودێریكردنی مافه‌كانی مرۆڤ و كاركردنی رۆڵی ژنان، ده‌سته‌به‌ركردنی دادپه‌روه‌ری بۆ هه‌مووان، ئه‌گه‌ر بێت‌و بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆكوه‌زیرانی داهاتوو دیاری بكرێمه‌وه.
هاوپه‌یمانی نه‌سر كه سه‌رۆكوه‌زیرانی ئێستا سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، له هه‌ڵبژاردنی رۆژی 12/5/2018 پله‌ی سێیه‌می به‌ده‌ستهێناوه‌و ژماره‌ی كورسییه‌كانی 42 كورسییه و هه‌ر یه‌كه له هاوپه‌یمانی فه‌تح به 47 كورسی و سائیروون به 54 كورسی له پێش هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی عه‌بادییه‌وه‌ن.