یەكێتی روو لە لایەنەكان دەكات

"سیاسەتی یەکێتی دوورە لە تومەتھەڵبەستن ‌و سیاسەتی کاردانەوە"

K24 - ھەولێر

مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا، شاندێكیان بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان پێكھێناوە.

دوای ئەوەی ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە سەرپەرشتی كۆسرەت رەسوڵ، جێگری سكرتێری یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆبووەوە لە راگەیەندراوێكدا یەكێتی ئاشكرای كرد: "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا مەكتەبی سیاسی شاندێكی باڵای دانوستاندن بۆ لایەن‌ و جەمسەرەکانی عێراق پێکھێنا".

لە بەشێكی ئەو راگەیەندراوەی یەكێتی ھاتووە: "لەکۆبوونەوەکەدا، مەکتەبی سیاسی، جەختی لەبەردوامی خەبات کردەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناو لایەنە سیاسییە کوردستانیەکان، ھەتا یەك ستراتیژی کوردستانی، دوای ئەم ھەڵبژاردنە، بە دەرس وەرگرتن لە زیانەکانی نەبوونی یەکڕیزی ناو لایەنە کوردستانیەکان، لە چوار ساڵی رابوردوودا، بەرنامەی ھاوبەشمان لەسەر ئاستی عێراق، بۆ مافە دەستووری‌ و سیاسی ‌و ئابووری‌ و ھاوپشکی حوکمڕانی، ھەبێ. بۆئەوەی یەکێتی بەوردیی ‌و وریایی دۆخی بەغدا و، ململانێ ‌و سیاسەتی ھەموو لایەك بێ".

مەكتەبی سیاسی یەكێتی راشیگەیاند: "لەسەر ئاستی کوردستانیش، سیاسەتی یەکێتی دوورە لە تومەتھەڵبەستن ‌و سیاسەتی کاردانەوە، ئەنجامی توێژینەوەی یاسایی لەسەرانسەری عێراقدا، یەکلاکەرەوە دەبێ. سەرەڕای تومەتەکان ‌و ھەڵمەتی پڕوپاگەندە، یەکێتی خۆی بە بەرپرسیاری چارەنووسی دۆخەکە دەزانێ، دەرگاکانی بۆ گەڵاڵەی ھاوبەش، لەگەڵ تەواوی لایەنەکاندا کراوەیە. لەم پێناوەشدا، مەکتەبی سیاسی وەفدێکی باڵای بۆ گفتوگۆ لەسەر ئاستی کوردستان، پێکھێنا".

 ھ.م