كۆماری ئیسلامی روو له سه‌در و پشت له مالكی و عامری ده‌كات
K24- هه‌ولێر:
عه‌لی ئه‌كبه‌ر ویلایه‌تی، راویژكاری رێبه‌ری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران له یه‌كه‌م كۆمێنتی له‌باره‌ی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی عێراق، پیرۆزبایی له هاوپه‌یمانی "سائیرون" كرد، كه به سه‌رۆكایه‌تی موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در زۆرترین كورسی په‌رله‌مانی به‌ده‌ستهێناوه.
له لێدوانێكی میدیاییدا كه ئاژانسی ته‌سنیمی ئێرانی بڵاویكرده‌وه، ویلایه‌تی ره‌زامه‌ندی خۆی به‌رامبه‌ر به ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی عێراق نیشاندا و گوتی: "من هه‌ست به خۆشحاڵی ده‌كه‌م".
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "حكوومه‌ت و گه‌لی عێراق رێگه به ده‌ستی ده‌ره‌كی ناده‌ن ده‌ست له كاروباری ناوخۆی وڵاته‌كه‌یان وه‌ربده‌ن"، دووپاتیشیكرده‌وه: "ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له عێراق له كه‌شێكی باش به‌ڕێوه‌چوو".
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه، به‌ر له هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، له‌كاتی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ شاری به‌غدا، ویلایه‌تی جه‌ختی كردبۆوه، "كۆماری ئیسلامی هه‌رگیز رێگه نادات هێزه لیبراڵییه‌كان و شیوعییه‌كان ده‌سه‌ڵاتی عێراق بگرنه ده‌ست".
ئه‌وكات شرۆڤه‌كاران لێدوانه‌كه‌ی ویلایه‌تییان له‌قاڵبێكدا لێكدایه‌وه، كه مه‌به‌ستی ئه‌و موقته‌دا سه‌در بوو، چونكه هاوپه‌یمانی "سائیرون" كۆكراوه‌یه‌كی به‌هێزی نێوان ره‌وتی سه‌در و حزبی شیوعی عێراقی و هێزێكی دیكه‌ی مه‌ده‌نییه.
هه‌ر ئه‌وكاتیش رائید فه‌همی، سكرتێری حزبی شیوعی عێراقی و كاندیدی هاوپه‌یمانی سائیرون وه‌ڵامی لێدوانه‌كه‌ی ویلایه‌تی دایه‌وه و به ده‌ستوه‌ردان له كاروباری ناوخۆی عێراق و پێشێلكردنی ده‌ستووری وڵات وه‌سفی كردبوو.
هه‌روه‌ك فایه‌ق شێخ عه‌لی، كاندیدی ره‌وتی مه‌ده‌نی ئه‌و لێدوانه‌ی ویلایه‌تی له به‌غدا، وا لێكی دایه‌وه، كه"كه‌مكردنه‌وه‌یه له ئاستی عێراقییه‌كان و، ره‌وته مه‌ده‌نی، لیبراڵی، شیوعی و نیشتیمانییه‌كان رێگه نه به عه‌لی ئه‌كبه‌ر ویلایه‌تی و نه هیچ كه‌سێكی دیكه‌ی ئێرانی ناده‌ن ده‌ست بخه‌نه كاروباری ناوخۆی عێراقه‌وه".
H.B