به‌هاری كیم و تره‌مپ به‌ره‌و پاییز ده‌چێ
K24 - هه‌ولێر:
مایك پێنس، جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا ده‌ڵێت: "دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ئاماده‌یه له دیداری لوتكه‌ی نێوانی له‌گه‌ڵ كیم جۆنگ ئون، سه‌رۆكی كۆریای باكوور بكشێته‌وه كه بڕیاره مانگی داهاتوو له له سنگاپووره به‌ڕێوه بچێت، پاش ئه‌وه‌ی له كۆبوونه‌وه‌ی هه‌فته‌ی رابردوودا كۆریای باكوور گومانی له ئه‌نجامدانی ئه‌و دیداره بۆ درووست بوو.
مایك پێنس به كه‌ناڵی فۆكس نیووزی ئه‌مریكی گوتووه: "پێویسته كۆریای باكوور هه‌وڵی ئه‌وه نه‌دات واشنتن سازشی بۆ بكات به‌رامبه‌ر ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی داویه‌تی و هێشتا نه‌یبردوونه‌ته سه‌ر".
جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا ده‌ڵێت: "هه‌ڵه‌یه‌كی كوشنده‌یه ئه‌گه‌ر كیم جۆنگ ئون، پێیوابێت ده‌توانێت فێڵ له دۆناڵد تره‌مپ بكات".
له وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌شدا كه ئایا هێشتا ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه تره‌مپ له‌و كۆبوونه‌وه چاوه‌ڕوانكراوه بكشێته‌وه كه بڕیاره 12/6 له سنگاپووره ئه‌نجام بدرێت؟ پێنس له وه‌ڵامدا گوتوویه‌تی: به‌ڵێ هیچ گومانێك له‌وه‌دا نییه".
بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و دیداره مێژووییه ئه‌نجام بدرێت، موون جییه ئین، سه‌رۆكی كۆریای باشوور و دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا ماوه‌ی 20 خوله‌ك به ته‌له‌فۆن قسه‌یان كردووه‌و كۆریای باشوور له هه‌وڵدایه هه‌ر چۆنێك هه‌یه دیداری لوتكه ئه‌نجام بدرێت و سه‌ركه‌وتوو بێت".