گۆڕان توڕەیە و بە چاكسازیش ئاشت نابێتەوە

"یەكێتی و پارتی چاكسازیان ناوێت"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی گۆڕان ھۆکاری بەشدارینەکردنیان، لە کۆبوونەوەکانی لیژنەی یاسایی و دارایی بۆ ئامادەکردنی راپۆرتی کۆتایی و پەسەند کردنی پڕۆژە یاسای چاکسازی، بۆ تووڕه‌یی بزووتنەوەکەی گەڕاندەوە لە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی عێراق، هاوكات ئه‌ندامێكی فڕاكسیۆنی یه‌كێتییش له‌ په‌رله‌مانی كوردستان دەڵێ، ئەوان لەگەڵ پارتی تا دوا کات ھەوڵدەدەن تێپەراندنی یاساکە نەکەوێتە دۆخێك کە بە زۆرینە و کەمینە تێپەڕێندرێت.

ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ھێندەی دیكە ئومێدی پەسەندکردنی یاسای چاکسازی لە ھەرێمی كوردستان کەمکردەوە، بزووتنەوەی گۆران تاوەکو ئێستا نیگەرانە لە ئەنجامەکان و توورەیە، ئەمەش وایکردووە فراکسیۆنەکەیان بەشداری دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان و کۆبوونەوەی لیژنەکان رەتبکاتەوە، پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنەکەش رووی قسەکانی دەکاتە، فراکسیۆنی پارتی و یەکێتی و داوایان لێدەکات، خۆیان دانیشتن ئەنجامبدەن.

ئومێد حەمە عەلی، ئەندامی فاکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "لە دۆخێكی سیاسیدا كە تەواوی ھەڵبژاردنەكانی ئەم وڵاتە تەزویر بكرێت و سیستمەكە ھاك بكەن، بەڵام بێی لە پەرلەمان باسی چاكسازی بكەیت، ئەمە قسەیەكی بێ بنەمایە. ئەوەی من بیزانم پارتی و یەكێتی خۆیان نایانەوێت یاساكە تێپەڕێت، چونكە كێشەی سەرەكی لەنێو ئەواندایە".

لە بەرامبەردا رێواز فایەق، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: "ھەوڵدەدەین ھەموومان پێكەوە پڕۆژە یاساكە پەسند بكەن، ئەگەر نەتوانرا ھەموومان پێكەوە ئەو ئیشە بكەین، رەنگە بیر لەوە بكرێتەوە بە زۆرینەوە و كەمینە بكرێت، كە ئەوە خواستی ئێمە، چونكە ئەوە ئامانج بووە لەلایەن ھەموو ھێزە سیاسییەكان".

گوتیشی: "دڵنیاین دوای پەسندكردنی پڕۆژە یاساكە خەڵكێكی زۆر زیانی بەردەكەوێت، بەتایبەتی ئەوانەی لەناو پڕۆژەكە وەك گەندەڵ ناو دەبرێن ئەوانەی بندیوارن و دەوام ناكەن، ھەروەھا ئەو بەرپرسانەی دەیان پاسەوانیان ھەیە و باخەوانیان پێدەكەن و تاوسیان پێ بەخێودەكەن".

بۆ پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای چاکسازی بڕیار بوو ئەم ھەفتەیە پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە، بەڵام لیژنەکانی یاسایی و دارایی بەھۆی ئامادەنەبوونی، بەشێك لە ئەندامەکانیان، نەیان تووانی کۆببنەوە و راپۆرتی کۆتایی ئامادە بکەن، سەرەنجام جارێکی دیکە خەڵكی كوردستان و حکوومەتی ھەرێم لە چاوەڕوانی پڕۆژە یاساکە مانەوە، دیاریش نییە، ئەم پرۆژە یاسایە لەم خولە کە تەمەنێکی کورتی ماوە پەسەند دەکرێت، یاخود پەسەند کردنی دەکەوێتە خولی داھاتووی پەرلەمان.

ھ.م