ده‌میرتاش له‌ به‌ندیخانه‌وه‌ وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی كوردستان 24 ده‌داته‌وه‌

ده‌میرتاش له‌ باره‌ی ئازادكردنییه‌وه‌ بۆ كوردستان 24 ده‌دوێت

K24 - هه‌ولێر:

سەڵاحەدین دەمیرتاش, کاندیدی هەدەپە بۆ سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بە تایبەت بۆ کوردستان 24 قسە دەکات و دەڵێت: "بەداخەوە نەتوانرا هاوپەیمانێتییەک لە نێوان هەدەپە و پارتە کوردییەکانی دیکە پێکبهێندرێت".

ده‌میرتاش كه‌ له‌ به‌ندیخانه‌وه‌ وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی كوردستان 24 ده‌داته‌وه‌، هیوای ئه‌وه‌ی خواست رۆژێک بێت و هاوپەیمانێتییەک پێکبێت, چونکە وەک ئەو دەڵێت: "پێویستە هاوپەیمانێتییەکی نیشتیمانی و هاوکاری مێژوویی لە نێوان خودی کوردان هەبێت".

دەمیرتاش, کاندیدی پارتی دیموکراتی گەلانە بۆ سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە هەڵبژاردنەکەی 24ی حوزەیران، بەرنامەی هەڵبژاردنی هەدەپە و خۆیشی بۆ هەڵبژاردنەکان خستەڕوو و باسی لە جیاوازی و نزیکی نێوان خۆی و هەدەپە لەگەڵ پارت و لایەن و کاندیدەکانی دیکە کرد.

دەمیرتاش کە لەلایەن دەزگای باڵای هەڵبژاردنی تورکیاوە وەک کاندیدی سەرۆکایەتی کۆمار قه‌بووڵکراوە, لە قسەکانیدا باس لە بەرنامەی خۆی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیادا دەخاتەڕوو.

باسی لە ڕاددەی کاریگەريی ئەو کاندیدانەش کرد کە لەلایەن پارت و حزبەکانی دیکەوە دیاریکراون، ئەمە لە کاتێکدایه‌, بەر لە چەند ڕۆژێک پێنج حزبی کوردی هاوپەیمانێتییەکیان پێکهێنا, بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرا هەدەپە بەشێک نەبوو لەو هاوپەیمانێتییە.

کوردستان 24, لە ڕێگای پارێزەرەکانییەوە چه‌ند پرسیاری ئاراستەی سەڵاحەددین دەمیرتاش کرد, کە لە 4ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌ری 2016ەوە دەستگیرکراوە تا ئێستاش لە زیندانی ئەدیرنەیە, وەڵامی پرسیارەکانی داوەتەوە.

* كوردستان 24: تۆ لە زیندانیت و لە ڕێگای هەژماری تویتەر و پارێزەرەکانتەوە گوتار و قسەکانت ئاراستەی جەماوەر دەکەیت، تۆ لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گوتت، ئیدی من دەبمە سەرۆک کۆمار ئایا لەم هەڵمەتی هەڵبژاردنەت کە لە زیندانەوە بەڕێوەدەچێت گوتارەکانت نەرمتر دەکەیت یان ڕەقتر؟

- ده‌میرتاش: ئێمە لە هیچ هەڵمەتێکی هەڵبژاردندا قسەی ڕەقمان بەکارنەهێناوە، ئێمە ڕەخنەمان لە حکوومەت گرتووە و بەرنامەی هەڵبژاردنی خۆمان روونکردەوە، لە سیاسەتکردندا ئێمە دادپەروەربووین، هەمیشە گوتارەکانمان لە خزمەتی ئاشتیدا بووە، ئەم کەمپەینەش بە پێچەوانەی ئەوانی ديكه‌ نابێت، بەردەوام دەبین لە گەیاندنی سیاسەتی ئاشتیخوازانە.

* كوردستان 24: لە 7ی حوزەیرانی 2015 تۆ گوتت "ئیدی ناتکەینەوە سەرۆک"، ئەم قسەیەت لێکدانەوەی جیاوازی بۆ کرا بەتایبەتی لەلایەن سەرکردایەتی ئاک پارتی, ئەوان پێیانوابوو ئەمە ڕەقترین ئۆپۆزسیۆنبوونە لە بەرامبەریان، تەنانەت هەندێک پێیانوابوو کە کۆتاییهێنان بە پرۆسەی ئاشتی لەلایەن ئاکەپەوە هۆکارەکەی بۆ ئەو قسەیە دەگەڕێتەوە, ئێوە بۆ ئەمە دەڵێن چی؟

- ده‌میرتاش: ئەوەی کە ئەمڕۆ دەیبینن گەورەترین بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئەوکات ئێمه‌ لەسەر هەق بووین، ئێمە لە پێناو چەسپاندنی ڕێگەچارەی دیموکراتیانە روونمانکردەوە بۆچی لەگەڵ سیستەمی سەرۆکایەتی نین، ئیمە وەک ئه‌ردۆغان هەڵوێستمان ناسیاسیانە نەبووە، بەڵکو ئێمە رووبەڕووی سیستەمێکی تاکڕەوی شمولی بووینەتەوە، هەر ئەوەش هۆکاری دژایەتیمان بوو بۆ پێشنیازەکەی ئه‌ردۆغان.

* كوردستان 24: پێشتر باست لەوە کردووە کە تۆ تاکە کاندیدی چەپی بۆ سەرۆکایەتی تورکیا، لە بەرامبەر تۆ دوو هاوپەیمانێتی هەیە کە یەکەمیان هاوپەیمانێتی ئاک پارتی و مەهەپەیە, ئەوی دیکەش هاوپەیمانێتی جەهەپە و ئی پارتی و سەعادەت و دیموکرات پارتییە، خۆشت دەزانی هەردووکیان دوو هاوپەیمانێتی ڕاستڕەوی ناوەڕاستن, تۆ چۆن هەڵوێست بەرامبەر ئەو دووانە وەردەگریت؟

- ده‌میرتاش: کاری ئێمە ئەوە نییە ئۆپۆزسیۆنی ئۆپۆزسیۆن بین، بەڵکو کاری ئێمە ئەوەیە لە بەرامبەر دەسەڵاتدا ئۆپۆزسیۆنێکی رەخنەگربین لە پیناو حکوومەتێکی باشتر، ئیمە پاڵپشتی لە هاوپەیمانێتی میللەت ناکەین, کە جەهەپە و سەعادەت و ئەوانی دیکە درووستیان کردووە, بەڵام ئەوەی ئێمە رووبەڕووی دەبینەوە, هاوپەیمانێتی جەماوەرە کە ئاکەپە و مەهەپە پێکهێنەری سەرەکین.

* كوردستان 24: ماوەیەک لەمەوبەر موحەرەم ئینجە کە کاندیدی جەهەپەیە سەردانی کردیت، تۆ ئەوە چۆن دەبینیت بە تایبەتی کە کەرەموڵڵا ئۆغڵو و ئاکشەنەریش داوای ئازادکردنی تۆیان کردووە؟

- ده‌میرتاش: من ئەوە بە هەنگاوێکی باش دەبینم, بەڵام بۆ نزیکبوونەوە بەپێی پەیڕەوی هەدەپە هێشتا کەموکوڕی هەیە، چونکە ئەوان ترسی ناپێویستیان لە هەدەپە هەیە, پێیانوایە هەدەپە پێویست نییە هەندێک پێیانوایە کە حزبێکە هەر نەماوە.

 

* كوردستان 24: چەند پارتێکی کوردی, هاوپەیمانێتییەکیان پێکهێناوە کە بە هاوپەیمانێتی کورد ناسراوە، ئەوان لەگەڵ ئێوەش چەند کۆبوونەوەیەکیان کردووە، ئێوە ئەو هاوپه‌یمانێتییه‌ چۆن دەبینن، ئایا هەدەپە دەبێتە بەشێک لەو هاوپەیمانێتییە؟

- ده‌میرتاش: بەداخەوە لە نێوان هەدەپە و پارتە کوردییەکاندا هاوپەیمانێتی و ڕێککەوتن نییە، چونکە کورد ئێستا لە نێو خۆیدا پێویستییەکی مێژوویی بە هەماهەنگی هاوبەش هەیە، ئەمە جیا لەوەی پێویستیمان بە هاوپەیمانێتییەکی نیشتیمانی هەیە, گەلی ئێمە زۆر چاوەڕوانی ئەو هەنگاوانەیە، بێگومان بۆ ئەوە پێویستمان بە تێکۆشان و فیداکاری هەیە, هەدەپەش هەمیشە قوربانی فیداکاری خۆی بووە.

من پێموایە کە بە هوداپاریشەوە پێویستە هەموو حزبەکان کار بۆ زەمینەی هاوکاری هاوبەش بکەن, چونکە کورد لە هەموو شوێنێک بۆ ئاشتی کاردەکات, بەڵام لە نێو خۆیدا هەماهەنگی نییە، ئەمە وایکردووە کورد لاواز دەربکەوێت, ئەمە نابێت تەنها بۆ هەڵبژاردن بێت بەڵکو پێویستە لە پێناو ئازادی گەلی ئێمەدا ئەو کارە بکرێت, هێشتا هاوپەیمانێتییەکە ساخ نەبووەتەوە بەڵام ئێمە دەرگای گفتوگۆمان بۆ هەموو حزبەکان کراوەیە لە نێویشیاندا پارتی ئازادی سۆسیالیزم ÖSP، پارتی ماف و ئازادی hak-par، پارتی دیموكراتی كوردستانی توركیا T-KDP، پارتی ئازادی كوردستان PAK، ته‌ڤگه‌ری ئازادی AZADÎ، پارتی كوردستان PA-KURD.

 

* كوردستان 24: دەگوترێ ئێستا دەنگدەری کۆنسەرڤاتیڤ (پارێزگار)ی کورد بەهۆی هاوپەیمانێتی مەهەپە و ئاکەپە, دەنگ به‌ ئاکەپە ناده‌ن،، به‌ڵكو دەگوترێ ئەوان دەنگ به‌ سەعادەت یان هەدەپە ده‌ده‌ن، تۆ چیت هەیە لە بارەی دەنگی دەنگدەری کۆنسەرڤاتیڤ (پارێزگار)ى کورد؟

- ده‌میرتاش: ئەوەی کە دەنگی زۆرینەی کوردانی کۆنسەرڤاتیڤ و پارێزگار بەدەستدەهێنێت هەر هەدەپەیە، کورد گەلێکە هەمیشە سەر بە پێناس و باوەڕی خۆیەتی، هەدەپەش ئەم داواکارییەی لەبەرچاوگرتووە، چونکە پێویستە سیاسەت لە خزمەت داواکاری گەلدا بێت.

تەنانەت ئەو هاوپەیمانێتیانەی هەندیک پارتی چەپیشی تیادایە بەرهەمی رۆژئاوای تورکیان، ئەمە راستییە و ناکرێت لەبەرچاونەگیرێت، دەنگی گەلی ئێمە بۆ فاشیزمی ئاکپارتی نابێت و بۆ سەعادەتیش نابێت, بەڵکو بۆ هەدەپەیە.

* كوردستان 24: هەمیشە ڕاپرسی و لیکۆڵینەوەکان داهاتووی ئێوە رووندەکەنەوە ، بە بۆچوونی ئێوە هەدەپە لەسەروو ئاستی 10% دەمینێتەوە؟ ئایا هیچ ڕاپرسییەکتان کردووە؟ دەتوانن ئەنجامەکەیمان پێبڵێن؟

- ده‌میرتاش: ئێستا هیچ ڕاپرسییەک ناتوانێت ئەنجامی درووست بەدەستەوە بدات، چونکە گەل لە دۆخی ترس و دڵەڕاوکێدایە، هەرچەندە ئەوە لەگەڵ تێپەڕینی کات کەمتر دەبێتەوە، من پێموایە هەدەپە دەتوانێت ئەو بەربەستە ببڕێت, بەڵام ناکرێت بە ئاسانی وابڵێین، لەگەڵ گەلەکەماندا بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ و دڵنیاشم ئەوە دەکەین.

* كوردستان 24: پێتوایە بەر لە هەڵبژاردن ئازاد بکرێیت؟

- ده‌میرتاش: ئەوەی چارەنووسی ئێمە دیاریدەکات, رێبازی ئازادیخوازانەی گەلەکەمانە، نەک دادگا، من دڵنیام کە ڕۆژێک دێت هەموو دەستگیرکراوان ئازاد دەبن و منیش یەکێکم لەوان، ئێمە لەپێناو ئەوە بەردەوامین لە خەباتکردن.

* كوردستان 24: ئێوە لە حزبەکەتاندا پەیڕەوی سیستەمی هاوسەرۆکی دەکەن، ئایا گەر بوونە سەرۆک ئەو مۆدێلە لە سەرۆکایەتی کۆمار پەیڕەودەکرێت؟

- ده‌میرتاش: لە رووی فەرمییەوە ناکرێت کارێکی وەها بکەین، بەڵام دڵنیابن کە یاریدەدەرانی سەرۆک کۆمار هەندێکیان ژن دەبن, هاوکات ژن بەشداري کارای لە حکوومەت دەبێت و بەشێک لە وەزیرەکان ژن دەبن.

 

وه‌رگێڕانی: بڵێسه‌ شاوه‌یس

ا. م