سه‌در حاشا له ڤیدیۆیه‌ك ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در كه هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی براوه‌ی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه كه رۆژی 12/5/2018 به‌ڕێوه‌چوو، ته‌ئكیدی كردووه‌ته‌وه، بنكه‌ی جه‌ماوه‌ری ئه‌و بێبه‌رییه له‌و گرته ڤیدیۆیه‌ی له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بڵاوبووه‌ته‌وه‌و له ڤیدیۆكه‌دا ژماره‌یه‌ك چه‌كدار به‌ڵێن ده‌ده‌ن پارێزگاری له ژیانی سه‌در بكه‌ن، به‌ڵام موقته‌دا سه‌در داوا له هێزه ئه‌منییه‌كانی عێراق ده‌كات به‌دواداچوون بۆ ئه‌و كه‌سانه بكه‌ن و به‌توندی به‌ره‌و روویان ببنه‌وه".
سه‌در له وه‌ڵامی یه‌كێك له شوینكه‌وتووه‌كانی كه پرسیاری ده‌رباره‌ی ڤیدیۆكه لێكردووه ده‌ڵێت: "من دڵنیام له خۆشه‌ویستی بنكه‌ی جه‌ماوه‌ریی خۆم، ئه‌وان بێبه‌رین له‌و گرته ڤیدیۆیه و ئه‌وه له كاری كه‌سانێك ده‌چێت كه ده‌یانه‌وێت ناوبانگی بنكه جه‌ماوه‌رییه‌كه له‌كه‌دار بكه‌ن و تۆوی ئاژاوه‌و فیتنه له‌نێوان رۆڵه‌كانی گه‌لدا بچێنن".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "ئه‌و گرته ڤیدیۆیه دژه له‌گه‌ڵ ئاراسته‌ی كار و بیروبۆچوونی ئێمه، با هێزه ئه‌منییه‌كان به‌توندی رووبه‌ڕوویان ببنه‌وه و رێگه نه‌ده‌ن ئاژاوه‌و ترس بڵاوبكه‌نه‌وه".
له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا چه‌ند گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی بڵاوكرابوونه‌وه كه ژنان و پیاوان به چه‌كه‌وه هه‌ڕه‌شه له دوژمنه‌كانی سه‌در ده‌كه‌ن و به‌ڵێنی له‌ناوبردنیان ده‌ده‌ن ئه‌گه‌ر بێت‌و ده‌ست بۆ ژیانی ببن.