ڕەخنەگرێکی دیکەی سیاسەته‌كانی پوتین کوژرا

رۆژنامه‌نووس بووه‌و له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆیدا كوژراوه‌

K24 - هه‌ولێر:

ئارکەدی بابچینکۆ، ڕۆژنامەنووسی  رووسی و ڕەخنەگر لە سیاسەتەکانی ڤلادمیر پوتن، لە شاری کیڤی پایتەختی ئۆکرانیا کوژرا، ئەمەش لەکاتێکدایە ئارکەدی لە دەرەوەی رووسیا دەژیا چونكه‌ مەترسی لەسەر ژیانی هه‌بووه‌.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، پۆلیسی ئۆکرانیا هۆکاری کووشتنی ئەو ڕۆژنامەنووسەی بۆ پیشەکەی دەگەڕێنێتەوە بەوەی ئارکەدی بەردەوام رەخنەی لە سیاسەتەکانی ڕووسیا گرتووە لە ئۆکرانیا و سووریا.

بە ووتەی پۆلیسی کیڤ:" قوربانیەکە لە ماڵەکەی خۆیدا دوێنێ شەو کوژراوە و خێزانەکەی پۆلیسی لێ ئاگادار کردۆتەوە".

لە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵدا، ئارکەدی دووەم ڕۆژنامەنووسی رووسیە بەهۆی رەخنەکانی لە سیاسەتی رووسیا لە کیڤ دەکوژرێت، پێشتر پاڤێل چێرێمێتی ڕۆژنامەنووس، ئۆتۆمبێلەکەی لە لایەن کەسانی نەناسراوەوە تەقێندرایەوە و پۆلیسیش دەستی تۆمەتی بۆ رووسیا درێژکرد.

بابچینکۆ لەساڵانی ٢٠٠٠، پەیامنێری دەزگاکانی (مۆسکۆڤزکی) و (نۆڤایا گازێتا) ڕووسی و( زابیتی پۆڵک) پۆڵەندی بووە. لە ساڵی ٢٠٠٧ تاکو ساتی كوژرانی لە کەناڵی تەلەڤزیۆنی (ئەی تی ئاڕی)ی ئۆکرانی کاری کردوە و خاوەن چەند کتێب و  خەڵاتێکی ڕۆژنامەنووسیە.