ئه‌مريكا كورد ناچار به كشانه‌وه له منبج ده‌كات

K24 – هه‌ولێر:
ئاژانسى هه‌واڵده‌رى ئه‌نادۆڵى توركيى بڵاويكرده‌وه، ئه‌مريكا و توركيا كار له‌سه‌ر پرۆژه‌ى نه‌خشه‌رێگه‌ى چۆڵكردنى منبج له لايه‌ن هێزه كوردييه‌كانى په‌يه‌ده و هه‌سه‌ده‌وه ده‌كه‌ن.
ئه‌نادۆڵ بڵاويكردووه‌ته‌وه، "به‌پێی پلانی منبج كه چاوه‌ڕوان ده‌كرێت توركیا و ئه‌مریكا له دوای چواری حوزه‌یران جێبه‌جێی بكه‌ن، پێشبینی ده‌كرێت چه‌كدارانی رێکخراوی یه‌په‌گه كه له خۆرئاوای رووباری فورات جێگیربوون له ماوه‌ی مانگێكدا له ناوچه‌كه ده‌ربكرێن".
هه‌روه‌ها ئاشكراى كردووه، "به‌پێی ئه‌و زانیارییه‌ی له چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه ده‌ست ئاژانسی ئانادۆڵ كه‌وتووه، ئه‌مریكا و توركیا رێككه‌وتنی ته‌كنیكیان كردووه بۆ كشانه‌وه‌ی یه‌په‌گه له منبج. "
رێككه‌وتنه‌كه به كۆبوونه‌وه‌ی كۆتایی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، مه‌ولود چاوش‌ئۆغڵو و هاوتا ئه‌مریكیه‌كه‌ی، مایك پۆمپیۆ له چواری حوزه‌یراندا له واشنتۆن راده‌گه‌یه‌ندرێت.
سه‌رچاوه‌كان ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه "ره‌نگه هه‌ندێک ورده‌كاری له كۆبوونه‌وه‌كه‌ی واشنتۆن بگۆڕدرێت، به‌ڵام هێڵه سه‌ره‌كییه‌كان ده‌پارێزرێن كه له كۆبوونه‌وه ته‌كنیه‌كاندا رێككه‌وتنیان لەبارەوە کراوە".
هه‌ر به گوێره‌ى زانيارى ئه‌و ئاژانسه توركييه، "به‌و پێیه‌ش ئه‌گه‌ر له چواری حوزه‌یراندا دوایین واژوو له‌باره‌ی رێككه‌وتنه‌كه بكرێت، ئه‌وا له ماوه‌ی 30 رۆژی یه‌كه‌مدا چه‌كدارانی رێکخراوی تیرۆریستی یه‌په‌گه منبج جێده‌هێڵن".
"له‌م نێوه‌نده‌دا به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی ئاژانسی ئانادۆڵو له سه‌رچاوه هه‌واڵگرییه‌كانی توركیا وه‌ریگرتووه، سه‌ركرده‌کانی رێکخراوی تیرۆریستی یه‌په‌گه ده‌ستیان به به‌جێهێشتنی منبج كردووه و روویان له شارۆچكه‌ی كۆبانێ له سنووری توركیا و رۆژهه‌ڵاتی فورات و له‌وێشه‌وه ده‌چنه عه‌ین عیسا، به‌ڵام هێشتا رێكخراوه‌كه ده‌ستی به ئاماده‌كاریی كشانه‌وه‌ی یه‌كجارەکی نه‌كردووه. "
سه‌باره‌ت به داهاتووى منبج ئاژانسه‌كه بڵاويكردووه‌ته‌وه، "له قۆناغی دووه‌می رێككه‌وتنی منبجدا، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت یه‌كه سه‌ربازی و هه‌واڵگرییه‌كانی توركیا و ئه‌مریكا ماوه‌ی 45 رۆژ دوای چواری حوزه‌یران له شارۆچكه‌كه‌دا لێكۆڵینه‌وه‌ی هاوبه‌ش ئه‌نجامبده‌ن. ورده‌كاریی میكانیزمی چاودێریكردنه‌كه، به‌پێی پێویستیه‌كان سه‌رله‌نوێ داده‌ڕێژرێته‌وه. له قۆناغی سێیه‌میشدا له ماوه‌ی 60 رۆژی دوای چواری حوزه‌یراندا، ئەنجوومەنێکی خۆجێی بۆ منبج داده‌مه‌زرێنرێت له پێكهاته خۆجێیه‌كان. ئه‌نجوومه‌نی خۆجێیی و ئه‌نجوومه‌نی سه‌ربازی كه ئاسایشی شارۆچكه‌كه ده‌پارێزن، به‌گوێره‌ی رێژه‌ی پێكهاته ئیتنیكییه‌كانی دانیشتوانی شارۆچكه‌كه داده‌مه‌زرێنرێت".
دوایین ره‌شنووسی رێككه‌وتنه‌كه، هه‌فته‌ی داهاتوو له واشنتۆن له‌سه‌ر ئاستی وه‌زیراندا تاوتوێ ده‌كرێت.
منبج، شارێكى هه‌ڵكه‌وتووى باكوورى خۆرهه‌ڵاتى پارێزگاى حه‌له‌به له باكوورى سووريا. ئه‌و شاره ته‌نيا (30) كيلۆمه‌تر له خۆرئاواى رووبار‌ى فورات و (80) كيلۆمه‌تر له ناوه‌ندى شارى حه‌له‌به‌وه دووره. ژماره‌ى دانيشتوانى به گوێره‌ى سه‌رژمێرى گشتيى (2004)، زياتر له (100) هه‌زار هاووڵاتى بووه و به‌شێك له دانيشتوانى كوردن و به‌شێكيشيان عه‌ره‌ب و چه‌ركه‌سن و كورده‌كان سوننه مه‌زهه‌بن.
هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات (هه‌سه‌ده) و يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌ل (يه‌په‌گه)، كه له لايه‌ن ئه‌مريكاوه وه‌ك هاوپه‌يمانى دژ به داعش ده‌ناسران، له (2016) ئۆپراسيۆنێكى سه‌ربازيان بۆ رزگاركردنى شاره‌كه له ده‌ستى داعش ئه‌نجامدا.
ئۆپراسيۆنه‌كه به ناوى (ئۆپراسيۆنى شه‌هيدى فه‌رمانده فه‌يسه‌ڵ ئه‌بو له‌يلا) ئه‌نجامدرا و له (17ى حوزه‌يران/ يۆنيۆى 2016) هێزه كوردييه‌كان چوونه ناو شاره‌كه‌وه و خه‌ڵكى شاره‌كه‌يان له ده‌ستى داعش رزگار كرد.
ئ.ر