گێرێرۆ بەفەرمی بەشداریی مۆندیال دەکات و بێتاوان دەرچوو

دادگەی وەرزشی جیهانی تانەکەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی پیڕۆی قبووڵ کرد

پاولۆ گێرێرۆ سزایەکەی سەری هەڵگیرا و دەتوانێت بەشداریی یارییەکانی مۆندیالی 2018 بکات.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی پیڕۆ لە بەیاننامەیەکیدا رایگەیاندووە، دادگەی وەرزشی جیهانی ناسراو بە کاس تانەکەی قبووڵ کردوون و سزایەکەی فیفای رەتکردووەتەوە، کە بە تۆمەتی بەکارهێنانی ماددەی وزەبەخش ئەو هێرشبەرەی پیڕۆی بۆ ماوەی 15 مانگ سڕکردبوو.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی پیڕۆ ئاشکرایکردووە، دادگەی وەرزشی جیهانی گێرێرۆی بە بێتاوان لە قەڵەمداوە و سزایەکەی سەری هەڵگرتووە، کە پێشتر گێرێرۆ بۆ ئەوەی ئەستۆ پاکی خۆی بسەڵمێنێت خۆی سەردانی جیانی ئینفانتینۆی سەرۆکی فیفای کرد و سەرۆکی وڵاتەکەشی بە جددی هاتە سەرهێڵ بۆ ئەوەی کاپتنی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بتوانێت بەشداریی مۆندیالی 2018 بکات.
پیڕۆ لەوەتەی مۆندیالی 1982 یەکەمجارە بەشداریی مۆندیال دەکات و لە کۆمەڵەکەی هاوشانی فڕەنسا و دانیماڕک و ئوستڕالیا یاریی دەکات.

سەرۆکی پیڕۆ و پاولۆ گێرێرۆ
سەرۆکی پیڕۆ و پاولۆ گێرێرۆ