ترەمپ جەنگ دژی ئەوروپا، كەنەدا و مەكسیك رادەگەیەنێت

یەكێتی ئەوروپا هەڕەشەی زیاد كردنی باج لەسەر كەلووپەلی هاوردەكراوی ئەمریكی بۆ ئەوروپا دەكات

K24- هه‌ولێر

ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، بڕیارێكی دژی ئەوروپا و كەنەدا و مەكسیك دەردەكات و ئەو ولاتانەش هەڕەشەی تۆڵە دەكەنەوە ئەگەر ئەمریكا سیاسەتی باجە نوێیەكەی نەگۆڕێت.

لە مانگی ئاداری ئەمساڵ، ترەمپ باجی لەسەر ستیل و ئەلەمنیۆمی هاوردەكراو لە چەند وڵاتێك زیاد كرد، بەڵام بەهۆی فشارەكانی یەكێتی ئەوروپا بڕیارەكەی راگرد، دوێنێ شەو  ئیدارەی ترەمپ بڵاویكردەوە كە ئەمڕۆ هەینی بڕیارەكە جێبەجێدەكەن.

بە گوێرەی هەواڵێكی ماڵپەڕی ئیندیپێندتی به‌ريتانى، یەكێتی ئەوروپا هەڕەشەی زیاد كردنی باج لەسەر كەلووپەلی هاوردەكراوی ئەمریكی بۆ ئەوروپا دەكات و "ئەمریكاش دەدەنە دادگای بازرگانی تاكو بڕیارەكەی ترەمپ بە نایاسایی لەقەڵەم بدرێت".

لای خۆیەوە حكومەتی بەریتانیاش ئەو بڕیارەی ترەمپی بە "پووچ" ناوبرد و هەڕەشەی تۆڵەكردنەوەی لە ئەمریكا كرد.

بەگوێرەی بڕیارە نوێكەی ترەمپ، هاوردەی ستیل 25% و هاوردەی ئەلەمەنیۆم 10%  باجیان دەچێتە سەر، ئەمەش كاریگەری گەورە لەسەر ئابووری ئەو دوو ماددە گرنگەی ئەوروپا دەبێت.

پێشتر یەكێتی ئەوروپا لە ئەگەری زیاد كردنی باجی ئەو دوو ماددەیە، پەیامێكی بۆ ئەمریكا ناردبوو و تیایدا هاتووە:" یەكێتی ئەوروپا باجی سەر ویسكی و پانتۆل و شەربەتی پرتەقاڵ و كەرە و چەند بەرهەمێكی دیكەی ئەمریكی زیاد دەكات ئەگەر ئەمریكا سوور بێت لەسەر بڕیارەكەی".